لە سێدارەدانەکان لە ئێران تەنها سزانین بەڵکو پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی ژیانن
هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان"، لە ٥٥ زیندانی سەرتاسەری ئێران بۆ ماوەی ٩٨هەمین هەفتەی لەسەریەک بەردەوامە، بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە، کە ئیتر لەسێدارەدان سزا نییە، بەڵکو تاوانێکی ڕێکخراو و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی ژیانە.
ناوەندی هەواڵ
بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لە سێدارەدان" هەموو سێشەممەیەک بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردنی هەفتانەییان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان کە لە ئێران دەرچووە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ئەو سزایانەن بەبێ گوێدانە سروشتی تۆمەتەکان و پاڵنەرەکان یان بیروباوەڕی ئەوانەی سزادراون.
٩ی کانوونی یەکەم، هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لە سێدارەدان" لە ٩٨هەمین هەفتەی یەک لە دوای یەک لە ٥٥ زیندان لە سەرانسەری ئێران دەستیپێکرد، بەشداربووان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئەم هەفتەیە، لە ژێر هەلومەرجێکی نهێنیدا، یەکێک لە دیارترین و پابەندترین پارێزەرانی مافی مرۆڤمان لەدەستدا، ئەویش خەسرەو عەلی کوردی، ئەندامی هەڵمەتی ''سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان''، پارێزەری ئەو کەسانەبوو کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا دەستگیرکرابوون، هەروەها پەناگەیەکبوو بۆ کەسوکاری پارێزەران، بە قووڵی سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کۆمەڵەی پارێزەران دەکەین، پارێزەرانی بەرگریکردن لە ئازادی بۆ خەڵک و بۆ خێزان و هاوڕێ و هاوکارەکانی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە لەسێدارەدان لەئەمڕۆدا لە ئێران ئیتر سزا نییە، بەڵکو تاوانێکی ڕێکخراو و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی ژیانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەریم خوجەستە زیندانی سیاسی لە زیندانی لاکان پەڕەشت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەگوێرەی داتا بڵاوکراوەکان، لەم هەفتەیەدا ٩٥ کەس لەسێدارە دراون کە دوو ژنیان تێدابووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمارکراوە، تاکە مەبەست لەم لەسێدارەدانانە، سەرکوتکردنی کۆمەڵگە و ڕێگریکردنە لە ڕاپەڕین و شۆڕشی گەل.
بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" لە ٥٥ زیندان دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن، لەوانە زیندانی ئێڤین "بەندی ژن و پیاو"، زیندانی قەزڵ حسار "یەکەی ٢، ٣ و ٤"، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی فەردیس، زیندانی تارانی گەورە، زیندانی قەرچاک و زۆرێک لە زیندانەکانی دیکەی بەشداربووی ئەو هەڵمەتە.