لە نیپاڵ بە هۆی لافاو ١١٢ کەس گیانیان لە دەستدا

دوابەدوای ئەو لافاو و زەوی لەرزینانەی بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لە نیپاڵ و بەتایبەتی لە پایتەختی ئەم وڵاتە دروست بوو، ١١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦٨ کەسیش بێسەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

لافاو و زەوی لەرزینێکی توند کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە دروستبووە، نیپاڵی وێران کردووە و بەپێی ڕاپۆرتی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٨ کەس بێسەروشوێنن و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.

 

کارەساتەکانی پەیوەست بە باران بارین لە باشووری ئاسیا لە وەرزی گەرما لە مانگی حوزەیران تا ئەیلول باون، بەڵام پسپۆڕانی کەشوهەوا وتیان: گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە کارەساتەکان توندتر بن.

 

باران بارینی وەرزی لەڕۆژی ٢٧ی ئەیلوول بووە هۆی ژێرئاوکەوتنی ناوچەیەکی فراوانی نیپاڵ و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی وڵاتەکە هۆشداری بدەن لە ئەگەری ڕوودانی لافاوێکی خێرا لە زۆرێک لەڕووبارەکاندا.

 

دان بەهادور کارکی، وتەبێژی پۆلیسی نیپاڵ وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ژمارەی زیانبەرکەوتووان بۆ ١١٢ کەس زیادی کردووە و ٦٨ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، وتی: لەگەڵ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، ئەگەری ڕوودانی زیادبوونی زیانبەرکەوتووان هەیە.

 

باسانتا ئەدیکاری، وتەبێژی ڕێکخراوی نیشتمانی کەمکردنەوە و بەڕێوەبردنی مەترسی کارەساتەکان ڕایگەیاند، بەرپرسان کاردەکەن بۆڕزگارکردن و دابینکردنی فریاگوزاری بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی لافاو، هەروەها زیاتر لە سێ هەزار کارمەندی ئەمنی جێگیرکراون بۆ هاوکاریکردن.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەهۆی لەرزینەکەوە زۆرێک لەڕێگاوبانەکانیش داخراون و سەدان ڕێبوار گیریان خواردووە و لە ئێوارەی هەینیەوە زیاتر لە١٥٠ گەشتی ناوخۆیی لە کاتماندۆوە هەڵوەشاوەتەوە.

 

بیشواراج خادکا، ئەفسەری پۆلیسی هاتوچۆی کاتماندۆ وتی: نزیکەی ٨ شوێنی پەناگەمان هەیە، کە هەموویان بەهۆی زەوی لەرزین لە بەشە جیاوازەکانی ڕێگاکەدا داخراون.

 

سێ ڕۆژە خوێندن وەستاوە

جگە لەوەش ماوەی سێ ڕۆژە خوێندنگەکانی ئەو وڵاتە داخراون و بەرپرسانیش ڕایانگەیاندووە، بەهۆی ئەو زیانانەی کە بەهۆی بارانبارینەوە بە کۆلێژ و بینای خوێندنگەکان کەوتووە، خوێندکاران و دایک و باوکیان تووشی کێشەی زۆر دەبنەوە.

 

وەرزی گەرما لە مانگی حوزەیران تا ئەیلول هەموو ساڵێک دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان و وێرانکارییەکی بەرفراوان لە سەرانسەری باشووری ئاسیا، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەی لافاو و زەوی لەرزینە کوشندەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لە مانگی تەمووزدا زەوی لەرزین لەسەرڕێگایەک لە شارۆچکەی چیتوان دوو پاسی پاڵناوە بۆ ناو ڕووبارەکە کە٥٩ سەرنشینیان تێدابووە و تەنها سێ کەسیان ڕزگاریان بووە و دەسەڵاتداران بەهۆی لافاوەوە تەنها٢٠ تەرمیان دەرهێناوەتەوە کە بووەتە هۆی ئاستەنگ لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و دۆزینەوەیان.

 

ئەمساڵ زیاتر لە ٢٢٠ کەس لە نیپاڵ بەهۆی کارەساتەکانی بارانەوە گیانیان لەدەستداوە.