کۆمەڵەی مافی مرۆڤی جەزیرە: بەهۆی تورکیاوە پێشێلکردنی مافی منداڵان ئەنجامدەدرێت

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە، ٢٠ی تشرینی دووەم، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکاری مافەکانی منداڵان لە هەرێمەکە بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە، ٢٠ی تشرینی دووەم، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی پێشێلکارییەکانی مافی منداڵان بڵاوکردەوە کە لەنێوان ١ی کانوونی دووەم بۆ ١٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کۆکراوەتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەم دواییانەدا، ٧ هەزار و ٤٩٠ منداڵ ئاوارە بوون، ٦٢٩ منداڵ لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا چەکدار کراون.

 

هەر لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ماوەی ١١ مانگی ئەمساڵدا، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٨٢ منداڵ کوژراون و ٣٩ی دیکەش برینداربوون.

 

هەروەها داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، تورکیا تاوانبار دەکەن بەوەی کە پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی منداڵان دەکات بەپێی پەیماننامەی جیهانی ١٩٩٠ی مافەکانی منداڵ و بنەما نێودەوڵەتییەکانی ساڵانی ١٩٤٥-١٩٦٦، داواش دەکەن کە تورکیا دادگایی بکرێت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن.

 

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا

ت.پ