خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکان گردبوونەوە و لە سلێمانی گرژیی دروست بوو

خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی شارو شۆچکەکان بۆ مەبەستی وەرگرتنی دەرماڵ خۆپیشاندان دەکەن و لە سلێمانی هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک خوێنکاریان بریندار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ دووەمین ڕۆژە کە ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکانی هەرێم بە مەبەستی وەرگرتنی دەرماڵە و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ بەشە ناوخۆییەکان و چاودێریکردنی نرخی خواردنی چێشتخانەکانی ناو زانکۆکان، خۆپیشاندان دەکەن.

ئەمڕۆ ٢٢ی تشرینی دووەم خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی رژانە سەرشەقامەکان و هێزە ئەمنیەکانیش رووبەڕوویان بوونەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک خوێندکار برینداربوون.

بە پێی زانیارییەکان هێزەئەمنییەکان، بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران ، گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناو دواتر گرژیی نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکانی لێکەوتەوە.

هەر ئەمڕۆ لە گەرمیان و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین بۆ هەمان مەبەست خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان گردبوونەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە دەرماڵەی خوێندکاران بڕدراوە و چەندین جار خوێندکاران بۆ داواکردنی گردبوونەتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.