خوێندکارانی زانکۆ ڕێگەی کەلار-سلێمانیان داخست

خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکانی گەرمیان دەستیپێکردەوەو ڕێگای سەرەکی هاتووچۆی کەلار ـ سلێمانیان داخست.

سلێمانی

بۆ زیاتر فشار خستنەسەر دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی ماف و داواکارییەکانیان، ئەمڕۆ ٢٧ی تشرینی دووەم، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیێکردەوە .

 

بەپێی زانیارییەکان لەکاتێکدا خوێندکاران ویستوویانە بەهێمنی گردببنەوەو داواکانیان بخەنەڕوو بەڵام هەر لەبەیانیەوە هێزێکی زۆری ئەمنی لەدەوروبەری زانکۆی گەرمیان بڵاوەیپێکرابوو بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆپیشاندانی خوێندکاران بکات، هەربۆیە خوێندکاران خۆپیشاندانیان لە بەردەم زانکۆوە گواستەوە بۆ سەر ڕێگای کەلار ـ سلێمانی و ڕێگاکەیان بە ڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخست.

 

داواکارییەکانى خوێندکارانیش بریتین لە بەیاساییکردنی پڕۆژەیاسای دەرماڵە و دابینکردنی، داشکاندنی زیاتری کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران و دانپێدانانی ئەو زانکۆیانەی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دانی پێدا نەنراوە، هەروەها دانانی ناونیشانی وەزیفی بۆ ئەو بەشانەی کێشەیان هەیە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم، گەڕاندنەوەی شکۆی زانکۆ و ڕاگرتنی سوکایەتی بە خوێندکارانی زانکۆ و حەرەمی زانکۆکانی هەرێم .