هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" تا هەفتەی ٩٧هەمینی خۆی بەردەوامە

هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" بۆ هەفتەی ٩٧هەمینی خۆی بەردەوامە و زیندانێکی نوێش بەشداری دەکات، بەمەش ژمارەی زیندانە بەشداربووەکان لە سەرانسەری ئێراندا گەیشتە ٥٥ زیندان، بەشداربووان زانکۆکان بە دڵی لێدان و پێشەنگی خەبات دەزانن.

ناوەندی هەواڵ

 

 

بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختیان لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی لەسێدارەدان و پاڵپشتیکردنی زیندانیانی سزادراوی لەسێدارەدان و بنەماڵەکانیان کردەوە، ئەمەشیان بە هەنگاوێکی بنەڕەتی لە خەباتی ئازادی و دادپەروەریدا زانی.

 

ڕۆژی ٢ی کانوونی یەکەم، هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان'' لە ٥٥ زیندان لە سەرانسەری ئێران دەستی بە چالاکییەکانی کرد، کە  بۆ٩٧هەمین هەفتە لەسەریەک بوو، بەشداربوانی هەڵمەتەکە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیشکیان خستە سەر کاتی هەڵمەتەکە لەگەڵ ڕۆژی خوێندکار لە ئێران و ئاماژەیان بە ڕۆڵی مێژوویی خوێندکاران لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت کرد.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ''ئێمە ٩٧هەمین هەفتەی چالاکییە بەردەوامەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنمان، لەگەڵ سەروبەندی ڕۆژی خوێندکاران لە ئێران دەست پێدەکەین، لە دوای ڕووداوەکانی ٥ی کانوونی یەکەم ١٩٥٣ەوە، زانکۆکان وەک دڵی لێدەر و پێشەنگ لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەتدا ماوەتەوە، جەخت لەسەر گرنگی یادکردنەوەی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە کەوتوونەتە سەر ڕێگای ئازادی، بە تایبەت ئەو خوێندکارانەی کە بە "زۆرەملێ بێسەروشوێنکران"، لەنێویاندا سەعید زەینەلی، کە لە دوای هێرشەکەی سەر بەشەناوخۆییەکانی زانکۆوە بێسەروشوێنە و نموونەی سەدان خوێندکار و هاوڵاتییە کە بوونەتە قوربانی دەسەڵاتدارە دکتاتۆریەکان، هەروەها سەرکوتکردن و زیندانیکردن و لەسێدارەدان نەیانتوانیوە خوێندکاران لە خەباتی ئازادی ڕابگرن، لەم ساتەدا جارێکی دیکە زانکۆکان بوونەتە ئامانجی هێرشی دیکتاتۆری، کە ئەمجارەیان زیندانی سیاسی و خوێندکار ئیحسان فەریدی، تەمەن ٢٣ ساڵ، بەهۆی داوای ئازادییەوە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە و ژیانی لە مەترسیدایە''.

  

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە هەفتەی ڕابردوودا بەرزبوونەوەی بێ وێنە لە لە سێدارەدان لە ناو زیندانەکانی ئێراندا هەیە و لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٠ زیندانی کە دووانیان ژنن لە سێدارە دراون، هەروەها دەسەڵاتداران بۆ ترساندنی دانیشتووان لەسێدارەدانی گشتییان ئەنجامدا، بەمەش کۆی گشتی لەسێدارەدانەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ هەزار و ٥٦٤ کەیس بەرزبووەتەوە، کە بەرزترین ڕێژەی لە سێ دەیەی ڕابردوو تۆمارکراوە، ئەم هەڵکشانە سەرکۆنە و ناڕەزایەتیی بە بڵاوی نێودەوڵەتی بەدوایی خخۆیدا هێناوە.

 

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، کە لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی شەپۆلی لە سێدارەدان لە ئێران، هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" داوای لە کۆمەڵگەی سیاسی، چالاکوانان و هەموو کەسانی خاوەن ویژدان کردووە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سزای لە سێدارەدان، هەروەها  لەگەڵ خێزانی ئەو کەسانەبن کە داوای دادپەروەری دەکەن، پێویستی بەرزکردنەوەی دەنگ لە دژی سزای لەسێدارەدان بە هەموو ڕێگەیەک دڵنیا کردەوە و بە هەنگاوێکی بنەڕەتی زانی بۆ سەندنەوەی ئاماژەی سەرەکی سەرکوتکردن لە دەستی ڕژێم و زەمینە خۆشکردن بۆ ئازادی و مافی گەل و سەروەری.

 

بەشداربووانی هەڵمەتی ''سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان'' لە ٥٥ زیندان مانیان لە خواردن گرتووە، لەوانە زیندانی ''ئێڤین، "بەندی پیاوان و ژنان"، ''زیندانی قەزڵ حسار''، "یەکەی ٢، ٣ و ٤"، ''زیندانی ناوەندیی کەرەج''، ''زیندانی فەردیس''، ''کەرەج''، ''زیندانی تارانی گەورە''، ''زیندانی قەرچاک''، ''زیندانی خورین ورامین''، ''زیندانی قەزوین''، ''زیندانی ئەهار''، ''زیندانی ئەراک''، ''زیندانی لەنغرود''، ''قوم''، ''زیندانی خوڕەم ئاباد''، ''زیندانی ئەسەد ئاباد''، ''ئیسفەهان''، ''زیندانی دەستجرد''،'' زیندانی شیبان و زیندانی ئەهواز''.