گوڵستان سۆنۆک: هەموو ئەو پرۆتۆکۆڵانەی کە لە بەرژەوەندی ژنان واژۆکراون پووچەڵکراونەتەوە

گوڵستان سۆنۆک، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی ئیلی، جەختی لەوە کردەوە، کە ١٠ شارەوانی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە ژێر کارگێڕی ئەمینداراندا ماونەتەوە و بەردەوامی ئەم ئەمیندارییە بەربەستێکە لە بەردەم گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ژناندا.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل

 

ئامەد- تورکیا لەگەڵ دەستپێکردنی "پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، پێشهاتەی بەرچاوی بەخۆوە بینی، دوابەدوای بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا، پەکەکە دوو هەنگاوی بەرچاوی ناوە، یەکەمیان داماڵینی چەک بوو، پاشان بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە چوارچێوەی سنوورەکانی تورکیابوو، ئەمانە لە گرنگترین قۆناغەکانی ئەم پرۆسەیە دادەنرێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، "کۆمیتەی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە لە پەرلەمان بۆ بەدواداچوونی چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد پێکهێنراوە، بڕیارە لە ١٣ی تشرینی دووەمەوە، ١٧هەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، هەروەها شکستی دەوڵەتی تورکیا لە هەڵنەگرتنی هیچ هەنگاوێکی بناغەی تا ئێستا، ڕەخنەی زۆری لێکەوتەوە سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە، سەرنجی گشتی لەسەر ئەو هەنگاوە کردەییانەی دەوڵەت دەیگرێتەبەر، چاوەڕوانییەکانیش بریتین، لە دەرکردنی یاسای یەکگرتن، هەڵگرتنی سنووردارکردنی زمانی دایکی و مسۆگەری یاسایی، هەروەها دوورخستنەوەی ئەمیندارە دەستنیشانکراوەکان لە شارەوانییەکان.

 

'' سەرەڕای سەرکەوتنەکانی دەم پارتی، دانانی ئەمیندارەکان لە شارەوانییەکاندا بەردەوامە''

بۆ ماوەی سێ خولی یەک لە دوای یەک "٢٠١٦، ٢٠١٩، ٢٠٢٤"، ئەمیندار بۆ شارەوانییەکانی شارە کوردییەکان دامەزراون، لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤ ، پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" توانی ٧٨ شارەوانی بباتەوە، بەڵام ئەمیندار بۆ شارەوانییەکانی جولەمێرگ "هەکاری"، ماردین، ئیلیە ''باتمان'' دێرسیم، وان، سیرت، میکس "باغچەسەرای"، خەلفەتی، کاغیزمان و ئاکدەنیز دامەزرا، لەگەڵ پێشکەوتنی پرۆسەی چارەسەریدا، داواکارییەکی سەرەکی  کۆتاییهێنانە بە سیستەمی ئەمیندار و گەڕاندنەوەی بەرپرسانی هەڵبژێردراو.

 

گوڵستان سونۆک لەنێو ئەو سەرۆک شارەوانیانەدا بوو کە ئەمیندار جێگەیان گرتەوە، لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا، گوڵستان سونۆک ٦٤.٥٢٪ی دەنگەکانی لە دیرسیم وەرگرتووە کە شارێکی ٣٠٠ هەزار دەنگدەرە، بەڵام لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە کارەکەی دووریخستەوە و لە شوێنی ئەمیندارێکی دانا، ئەو دەرکردنە لە کارەکەی دوای ئەوە هات کە سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بەسەریدا سەپێندرا بە تۆمەتی "سەر بە ڕێکخراوێکی چەکداری"، ئەمە جگە لە لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام لەسەر هەمان تۆمەت.

 

گوڵستان سۆنۆک جەختی لەوە کردەوە، کە بوونی ئەمیندارەکان سێبەرێک دەخاتە سەر پێشکەوتنی بزووتنەوەکە، ڕایگەیاند: دانانی ئەمیندارەکان و پێداگری لەسەر بەردەوامی بوونیان پێچەوانەی ڕۆحی سەردەم و ئاراستەی گشتییە، هەروەها دەستگرتنەکەی نێوان دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی ''مەهەپە'' و ئەندامانی پەرلەمان لە پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە ١ی تشرینی یەکەم بیرهێنایەوە، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم وێنەیە دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەدا هەبووە، دواتر لە ٤ی تشرینی دووەمدا دانانی ئەمیندار بۆ شارەوانییەکان، وەک دژایەتییەک وەسفی کرد: "ئەوەی دەوترێت و ئەوەی پراکتیزە دەکرێت جیاوازە".

 

"هەموو ئەو پرۆتۆکۆڵانەی کە لە بەرژەوەندی ژنان واژۆکراون پووچەڵکراونەتەوە"

 گوڵستان سۆنۆک کە لە شوێنیدا ئەمیندارێک دانرا، دانانی ئەمینداری بە گورزێک لە مافەکانی ژنان زانی، وتی: ئێمە ئەمیندارانی دەستنیشانکراو بە جۆرێک لە توندوتیژی لە دژی ئیرادەی ژنان دەزانین، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانیان کە بە خەبات و قوربانیدان بەدەستیان هێناوە، مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ پۆستیان لێسەندراوەتەوە، یەکەم کردەوەی ئەمیندارانی دەستنیشانکراو نەهێشتنی ئەو دەستکەوتانە بوو.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شاری باتمان، سەرپەرشتیارەکە لە ڕێگەی نامەی کورتەوە بۆ مۆبایلەکانیان ٣٤ کارمەندی ژنی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە، هەروەها کۆدی دەستڕاگەیشتن بۆ ژنانی توێژەری کۆمەڵایەتی کە لە دامەزراوەکانی ژنان دامەزراون گۆڕانکارییان بەسەردا هات،  وە گواسترانەوە بۆ کارەکانی سەرەوەی پسپۆڕییەکانیان، وەک پاککردنەوە و چاککردنەوەی باخچە، هەر بەوەوە نەوەستان، بەڵکو توندوتیژی دەروونیشی بەرامبەر ئەو ژنانە ئەنجامدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یەکێک لە کرێکارەکان لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە هاوکارە ژنەکانمان لە شوێنی کاردا تووشی هەراسانکردنی بەردەوام بوون، ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ سەندیکای کرێکارانی شارەوانی و خزمەتگوزاری گشتی تورکیاش هەمانبوو هەڵوەشایەوە، هەروەها مۆڵەتی سوڕی مانگانەمان و پشووەکانی ڕۆژانی ٢٥ی تشرینی دووەم و ٨ی ئاداریش هەڵوەشایەوە، وە پرۆتۆکۆلێکمان لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی باتمان واژۆکردبوو بۆ ئەوەی پاڵپشتی یاسایی پێشکەش بە قوربانیانی توندوتیژی بکەین، بەڵام دوای سێ ڕۆژ ئەم ڕێککەوتنە هەڵوەشایەوە.

 

''ئەمینداری سیاسی متمانە تێکدەدات و وەک ئامرازێک بۆ سزادانی کورد بەکاردێت''

 گوڵستان سۆنۆک ئاماژەی بەوەدا، کە سیاسەتی دانانی ئەمیندارەکان هیوای هاوڵاتیان بۆ ئاشتی تێکدەدات، هەروەها هەر لەسەرەتاوە دژایەتی لە هەڵوێستەکاندا هەبوو، بەڵام دواتر پەکەکە هەنگاوی گرنگی ناوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە خۆشکردنی ڕێگا بۆ پرۆسەیەکی ڕاستی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەم دەستپێشخەرییە، بەردەوامی ڕێبازی باوکسالاری دەوڵەت، نەبوونی متمانە قووڵتر دەکاتەوە، ئێمە لە نێو هاوڵاتیاندا دەژین، ئەوانیش بە ڕوونی متمانەی ڕەهای خۆیان بە ڕێبەرەکەیان و پارتەکەیان و تەڤگەرەکەیان دەردەبڕن، بەڵام متمانەیان بە دەوڵەتی تورکیا نییە، هەروەها لیژنەیەکی پەرلەمانی بە ناوی "گەلایەتی و دیموکراسی" پێکهێنرا، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات هیچ پەیوەندییەکی بە چەمکی ڕاستەقینەی گەلانەوە نییە.

 

هەروەها هاوسەرۆکی شارەوانی تەنها لەو کاتەدا دەتوانرێت لاببرێت کە تاوانێک ئەنجام بدات و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەرکەکانیانەوە هەبێت، بەڵام دەرکردنی ئێمە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکان بووە کە وەک بیانوو بەکارهێنراون یان لەسەر بڕیارەکانی پێشووی دادگا کە پێشتر ناسراو بوون و لە کاتی هەڵبژاردنەکەماندا کاری پێکرابوون.

 

جەختیشی کردەوە، ئەو دۆسیانەی کە لە دژی ئێمە تۆمارکراون وەک بیانوویەک بۆ دەرکردنمان بەکارهێنراون، هەرچەندە تەنانەت بۆ جارێکیش هیچ داواکارییەکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە بۆ ئەوەی لێدوانەکانمان بدەین، سەرەڕای داواکارییەکانمان بۆ داواکاری گشتی لە باتمان و ڕاگەیاندنی ئامادەییمان بۆ هاوکاریکردن، گوێمان لێنەگیرا، ئەم ڕاستیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دانانی ئەمیندار لەسەر بنەمای یاسایی و شەرعی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی ئارەزوومەندانەیە کە دەسەڵاتی سیاسی پەیڕەوی لێدەکات، دەکرێ بە جۆرێک لە سزادانی بەکۆمەڵ هەژمار بکرێت کە ئاراستەی کورد دەکرێت.

 

"کردەوەکان لە ڕوانگەیەکی کۆنەپەرستانەوە ئەنجامدراون کە هەمەچەشنی و فرەیی تێدا نییە"

 گوڵستان سۆنۆک جەختی لەوە کردەوە، ڕێگایەکی ڕاستەقینە بەرەو چارەسەر پێویستی بە دوورخستنەوەی ئەمیندارەکانە لە ١٠ شارەوانیی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان '' هەدەپە''، تیشکی خستە سەر ڕادەی زیانەکانی سیاسەتی ئەمینداریی، کاتێک لەمڕۆدا سەیری شارەکان دەکەین، دەبینین بە دیدێکی پیاوسالاری و ڕەگەزییەوە بەڕێوەدەبرێن، هەروەها عەقڵی باڵادەست هی پیاوان و دەوڵەتە، تەنانەت تابلۆکانی شەقامەکان سیمایەکی ئایدیۆلۆژییان هەیە، بۆچی ئەمە دەڵێم؟، چونکە دوای دانانی ئەمیندارەکان، نۆژەنکردنەوە لە زۆرێک لە شارەکان لە ژێر پەردەی "نوێکردنەوە"دا ئەنجامدرا، بەڵام ئەوان پەیڕەوی یەکڕەنگیان کرد، ڕێبازی کۆنەپەرستانە، کە نیشانە فیروزەییەکان تێکەڵەیەک لە بیرکردنەوەی تورکی-ئیسلامی ڕەنگ دەدەنەوە هەموو ئەمانە بە وردی پلانیان بۆ دانرابوو ئەو شارەوانیانەی پێشتر کەوتبوونە ژێر ئەمیندارییەوە، لە دۆخێکی زۆر خراپتردان، چونکە هەموو شتێکیان بە بیرکردنەوەی پیاوسالاری داڕێژراون.

 

هەروەها باسی لە کۆنگرەی "بەرەو شارەکانی ژنان" کرد، کە لە لایەن بەشی سیاسەتی ژنانی شارەوانیی گەورەی ئامەد لە ٨ی تشرینی دووەمدا ڕێکخرابوو،  پابەندبوونیان بۆ بنبڕکردنی ئەو وێرانکارییەی بەجێماوەی ئەمیندارەکان و کردنی شارەکان بۆ ژیان زیاتر دووپات کردەوە.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئێمە شارەکان بە ژنان ئاوەدان دەکەینەوە و لەکاتێکدا باس لە تەلارسازی نوێ دەکەین، ناتوانین ڕاستی ئەو ڕووخاندنە پشتگوێ بخەین کە لەلایەن ئەمیندارەکانەوە ئەنجامدراوە، لەگەڵ ئەو باڵادەستییەی پیاوانە کە دووبارە بەرهەم هێنراوەتەوە، ڕەنگە شارەوانییەکان لە ڕێگەی دانانی ئەمیندارەوە تووشی دەستدرێژی سیاسی بوون، بەڵام ئێمە لەو شارانە بەردەوام دەبین لە کارکردن، باس لەوە دەکەین کە گواستنەوە و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژنان چۆن دەبێت.