بۆ یەکەمجار لە دامەزراوەیەکی گەورەی وڵاتدا دایکێک شیر دەدات بە منداڵەکەی

دوای تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایەک بەهۆی چالاکییەکانی گیڵدا سپۆرتیلۆ لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، خۆی بووە یەکەم دایک کە لە پەرلەمان یاخود دامەزراوەیەکی گەورەی وڵاتەکەیدا شیر بە منداڵەکەی بدات.

ناوەندی هەواڵ

 

٧ی حوزەیران گیڵدا سپۆرتیلۆ، پەرلەمانتاری ئیتاڵی تەمەن ٣٦ ساڵ، لەناو پەرلەمانی وڵاتەکەی شیری بە منداڵەکەی دا، بەمەش بووە یەکەم ژن لە ئیتاڵیا کە لە پەرلەمان یاخود دامەزراوەیەکی گەورەی وڵاتەکەیدا شیر بە منداڵەکەی بدات، ئەو کارەی گیڵدا بە کارێکی نوێ دادەنرێت، چونکە پێشتر هیچ ژنێک لەناو دامەزراوە حکومییەکاندا ئەو کارەی نەکردووە.

 

پێشتر ژنانی ئیتاڵیا دەگەڕانەوە بۆ کارکردن پێش ئەوەی ماوەی شیرپێدان تەواو ببێت کە دوو ساڵە، بەڵام بەهۆی چالاکییەکانی گیڵدا سپۆرتیلۆ لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمان تێپەڕێندرا کە رێی دەدا بە ژنان تاوەکو لە دامەزراوە گشتی و ئەهلییەکاندا شیر بدەن بە منداڵەکانیان بەبێ ئەوەی لەکار داببڕێن.

 

لەبارەی کارەکەیەوە، گیڵدا دەڵێت: لە ئەمڕۆوە ئەگەر گەورەترین دامەزراوە رێگە بە کارمەندان بدات شیر بدەنە منداڵەکانیان، ئەوا هیچ ژنێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت نابێت ئەو مافەی لی زەوت بکرێت.

 

گیڵدا کە سەر بە بزووتنەوەی پێنج ئەستێرەی ئیتاڵییە، وتشی: نابێت هیچ دایکێک زۆری لێ بکرێت کۆتایی بە شیرپێدان بهێنێت، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، هیوادارم ئەم کارە ببێتە ئومێدبەخش بۆ ژنانی دیکەی ئیتاڵیا.