سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار داوای پابەندبوون بە ڕێنماییەکان لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکات

ئەمەل جەلال، سەرۆکی گشتی دەستەی  گەشتوگوزار لە بارەی تێکشکاندنی یارییەکی شاری یاری قەڵادزێیەوە داوای پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لە شوێنە گەشتیارییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار پەیامێک ئاڕاستەی شاری یاری دەروازە لە قەڵادزێ دەکات، کە لە ١١ی ئاب یاری کەشتی منداڵان تێکشکا و بەهۆیەوە نزیکەی ١٤ منداڵ بریندار بوون، داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو شوێنانەی گەشتیارین و مۆڵەتی چالاکی هاوشێوەیان هەیە پێویستە بەردەوام پشکنین و بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو ئامێر و یارییەکان لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی منداڵان و گەشتیاران.

 

لە دەقی پەیامەکەدا وێڕای سەرساغی و خواستنی دووبارە نەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە، ئەمەل جەلال ڕایگەیاندووە، "داواکارم بەڕێوەبەری شاری یارییە گەشتیارییەکان، لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی میوانان و منداڵان، بەردەوام پاباندی ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن و دڵنیابن لە دروستی کارکردنی یارییەکان پێش بەکارهێنان، تاوەکو بەدووربن لە ڕووداوی نەخوازراو".