دەیان ملیۆن منداڵ لە مەترسی وەرنەگرتنی ڤاکسینی سورێژەدان

ساڵانە چەندین منداڵ ڕووبەڕووی مەترسی نەخۆشی سورێژە دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا جیهان بەدەست کەمی کوتان دژی ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی کە ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، مەترسی نەبوونی کوتان دژی سورێژە دەخاتەڕوو، سورێژە یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی مردن، لە پاش ڤایرۆسی کۆرۆناوە کوتانی ئەم نەخۆشییە کەمی کردووە، بەو شێوەیەش ژیانی دەیان ملیۆن منداڵی خستووەتە مەترسییەوە.

 

ئەفریم تەکلی، سەرۆکی بەرنامەکانی کوتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی منداڵان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زەنگی ئاگادارکردنەوەمان لەسەر دابەزینی ڕێژەی کوتان و زیادبوونی مەترسییەکانی سەر تەندروستی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا لێداوە، چەندین کوتان بۆ منداڵان لەدەستچوون، تەنها چەند ڕێگە چارەیەکی کەم هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی کوتاوە لە کیس چووەکان.

 

تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کوتاوەکانی سورێژە کەمی کردووە ئەمەش مەترسی بۆسەر منداڵان زیاد کردووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتە هاوبەشەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا CDC، لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٤٠ ملیۆن منداڵ ژەمی ڤاکسینی سورێژەیان وەرنەگرتووە، ٢٥ ملیۆن ژەمی یەکەمیان لەدەست داوە و ١٤.٧ ملیۆنیش ژەمی دووەمیان لەدەستداوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢١دا ٩ ملیۆن هاوڵاتی تووشی سورێژە بوون

ئەو وڵاتانەی زۆرترین منداڵیان کوتانیان دژی سورێژە نەکردووە بریتین لە نەیجیریا، هیندستان، کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک، ئەسیوپیا و ئەندەنوسیا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، مەزەندە دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠٢١ تووشی نەخۆشی سورێژە بوون، گەیشتبێتە ٩ ملیۆن کەس، لەو ژمارەیەش ١٢٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ساڵی ڕابردووش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سورێژە لە ٢٢ وڵاتدا سەریهەڵدا کە زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بوون.

 

هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە تیایدا هاتبوو، تەنها لە دوو مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە بەراورد بە هەمان دوو مانگی ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی توشبوون بە سورێژە ٪٨٠ زیادی کردووە، ئەلیزابێس کوزینز، سەرۆکی دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە وتی: پێویستە چیتر کات لەدەست نەدەین، کار بکەین بۆ ئەوەی زۆرترین منداڵ لە جیهاندا کوتان دژی سورێژە وەربگرن.

 

سورێژە چییە؟

سورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆر درمییە و هیچ چارەسەرێکی نییە، بەڵام بە دوو ژەمی ڤاکسین دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، سورێژە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تا و دروستبوونی پەڵە لەسەر جەستە، هەروەها لە ماوەی چوار ڕۆژ پێش دەرکەوتن هەمان نیشانەی پەتای درمی هەیە.

 

هەرچەندە نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە زۆرجار بێهۆشکەرن، بەڵام دەکرێت لەکاتەکانی تردا مەترسیدار بن، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزی لە کۆئەندامی هەناسەدان (هەوکردنی سییەکان) و کۆئەندامی دەمارەکان (هەوکردنی مێشک) بەتایبەت لەو کەسانەی کە لەڕووی تەندروستییەوە جەستەیان لاوازە.