لە زانکۆی گەرمیان بایکۆتە و خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕینیش بەردەوامن لە خۆپیشاندان

بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان بایکۆتی خوێندنیان کردووە و خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕینیش بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و لەبەردەم دەرگای زانکۆکەیان گردبوونەتەوە.

سلێمانی

 

دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٧ی تشرینی دووەم خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان خۆپیشاندانیان کرد و ڕێگای سەرەکی کەلار- سلێمانیان داخست، ئەمڕۆ ٢٨ی تشرینی دووەم بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان و بایکۆتی خوێندنیان کردووە.

 

داواکارییەکانى خوێندکاران کە جێبەجێناکرێن و لایەنی پەیوەندیدار لێی بێدەنگە، بریتین لە بەیاساییکردنی پڕۆژەیاسای دەرماڵە و دابینکردنی، داشکاندنی زیاتری کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران و دانپێدانانی ئەو زانکۆیانەی تا ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانی پێدانەنراوە، هەروەها دانانی ناونیشانی وەزیفی بۆ ئەو بەشانەی کێشەیان هەیە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم، گەڕاندنەوەی شکۆی زانکۆ و ڕاگرتنی سوکایەتی بە خوێندکارانی زانکۆ و حەرەمی زانکۆکانی هەرێم.

 

لە لایەکی دیکەوە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ئیدارەی ڕاپەڕین بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و لەبەردەم دەرگای زانکۆکەیان گردبوونەتەوە و دەرگایان داخستووە و ئاماژە بەوەدەکەن کە تا داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا ناکەن.

 

 ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی ١٠ رۆژە خۆپیشاندانی زانکۆی ڕاپەرین بەردەوامە، بەڵام لایەنە حکومییەکان هیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە.

 

پێشتریش خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە خۆپیشاندان بەردەوام بوون و داوایان دەکرد کە دەرماڵەیان پێبدرێت، هەروەها بەشە ناوخۆییەکان خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران بە مەبەستی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکران.