دەم پارتی: بەڕێز ئۆجالان تەندروستی باش و ئیرادەی بەرز بوو
پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان-دەم پارتی ئەنجامی دیداری دوێنێ، ٢٨ی کانوونیان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "دۆخی تەندروستی بەڕێز ئۆجالان باش بوو، ئیرادەی بەرز بوو".
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٨ی کانوونی یەکەم، پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان-دەم پارتی بۆ دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چوونە دوورگەی ئیمڕالی و لە دیدارێکدا کە ٣ کاتژمێری خایاند، لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ هەریەک لە پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان-دەم پارتی ئەنجامی دیدارەکەیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، کە دۆخی تەندروستی بەڕێز ئۆجالان باش بوو، ئیرادەی بەرز بوو.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا، پەرلەمانتارانی دەم پارتی باسیان لەوەکرد، بەڕێز ئۆجالان لە دیدارەکەیدا دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیای هەڵسەنگاند و ڕێگەچارەی ئەرێنی بۆ سیناریۆ تاریکەکانی داهاتووی سەپێنراو پێشکەش کرد، کە بۆ دۆخی هەیی زۆر گرنگ بوون.
هەروەها لە چەند خاڵێکدا هەڵسەنگاندن و چارەسەرییەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانیان بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە؛
- پتەوترکردنەوەی برایەتی تورک-کورد تەنها بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی نییە، بەڵکو گرنگییەکی چارەنووسساز و بەپەلەی بۆ هەموو گەلان هەیە.
- بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، زۆر گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و بەشێوەیەکی بنیادنەرانە هەڵسوکەوت بکەن و بەشداری ئەرێنی بکەن، بەبێ ئەوەی لە چوارچێوەی تەسک و کاتی بمێننەوە، یەکێک لە گرنگترین زەمینەکانی ئەم بەشداریانە بێ گومان ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا-پەرلەمان دەبێت.
- ڕووداوەکانی غەززە و سووریا دەریانخستووە کە چارەسەری ئەم کێشەیە کە بە دەستێوەردانەکانی دەرەکی هەوڵی وشکبوون (کەنگرین)ی درابوو و بووەتە پرسێکی دوانەخراو، هەروەها بەشداری و پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەنرخن بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن لە کارێکدا کە ڕاستەوخۆ ڕێژەیی بێت لەگەڵ جددیەتی ئەم پرسە.
- لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ ئەوەی بەشداریی ئەرێنی پێویست لەو پارادایمە نوێیەدا بکەم کە بەڕێز باهچەلی و ئەردۆغان پێشی دەخەن.
- شاندەکە ئەم ڕێبازە لەگەڵ هەردوو بازنەی دەوڵەت و سیاسی هاوبەش دەکەن. بەو هۆیەوە ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی پێویست بنێم و بانگەوازی بکەم.
- هەموو ئەم هەوڵانە وڵات دەباتە ئەو ئاستەی کە شایەنیەتی و هەروەها دەبێتە ڕێنوێنییەکی زۆر بەنرخ بۆ گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک.
- سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.
ڕێز و سڵاو بۆ ڕای گشتی