ژنێکی هۆڵەندی بە هۆی کۆیلەکردنی ژنانی ئێزدی سزادرا
حوسنا عەرەب کە لە ساڵی ٢٠١٥ پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو لە سوریا، بە تۆمەتی کۆیلەکردنی ژنانی ئێزدی سزای دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
ناوەندی هەواڵ
١١ی کانوونی یەکەم، ژنێکی هۆڵەندی تەمەن ٣٣ ساڵ ناسراو بە حوسنا عەرەب، کە لە ساڵی ٢٠١٥ پەیوەندی بە گروپی داعشەوە کردبوو، لە شاری شیفۆڵ لە ئەمستردام لە هۆڵەندا بە تۆمەتی " تاوانی دژی مرۆڤایەتی"، لەلایەن دادگاوە سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم هاوڵاتییە هۆڵەندییە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ بەشداری لە گروپی داعشدا کردووە؛ کاتێک لەگەڵ کوڕە بچووکەکەی و هاوسەرەکەی کە چەکداری داعش بووە لە ڕەقە دەژیا، دوو ژنی ئێزدییان وەک کۆیلەی ناوماڵ ئیستغلال کردووە.
هەروەها حوسنا عەرەب (کە بەپێی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بە ڕەچەڵەک مەغریبییە)، بە "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٢ و مەترسی خستنە سەر کوڕە ٤ ساڵانەکەی بە بردنی بۆ ناوچەکانی جەنگ" تۆمەتبارە. ئەم ژنە داعشە کە لە شاری هێنگێلۆ لە هۆڵەندا دەژی لە ساڵی ٢٠١٥ چووەتە سوریا و تا مانگی ئابی ٢٠١٦ لە شاری ڕەقەی سوریا ماوەتەوە.
هۆڵەندا دووەم وڵاتە کە ئەندامێکی داعش بە تاوانی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" دژی نەتەوەی ئێزدی دادگایی دەکات. پێش هۆڵەندا، ئەڵمانیا دوو ئەندامی گرووپی داعشیشی بە تاوانی "تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی" و "تاوانی جەنگ" دژی ئێزدییەکان سزا دا.