ڕۆژنامەنووسێک بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە گیانی لەدەستدا

ڕۆژنامەنووس ئیمان حاتم شانتی لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە بینای ئەلمەلش لە گەڕەکی شێخ ڕەدوان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری غەززە، گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بە هۆی شەڕەوە گیانیان لەدەستدا، گەیشتە ١٩٣ ڕۆژنامەنووس.

 

ئیمان حاتەم شانتی، ڕۆژنامەنووس، سێ کاتژمێر پێش ئەوەی سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە بینای ئەلمەلش لە گەڕەکی شێخ ڕەدوان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری غەززە و گیان لەدەستبدات، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردبووەوە، "ڕێی تێدەچێت کە ئێمە هێشتا لە ژیانداین، خوای گەورە لە شەهیدەکان خۆشبێت".

 

کۆڕبەندی میدیایی فەلەستین بە هۆی گیانی لەدەستدانی ئەو ڕۆژنامەنووسەی پەخشی بەرنامەی "دەنگی ئەقسا" ماتەمینی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی گیان لەدەستداو لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەی ٢٠٢٣ەوە بۆ ١٩٣ ڕۆژنامەنووس بەرز بووەتەوە.

 

کۆڕبەندەکە بێدەنگی و بێتوانایی نێودەوڵەتی لە پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی ئیدانە کرد و داوای کرد، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامە مرۆییەکان ئەرکی پیشەیی خۆیان جێبەجێ بکەن.