مەلالە یوسفزای لەسەر دۆخی ژنانی ئەفغانستان داوایەکی هەیە

مەلالە یوسفزای ئامادەیی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بوو و داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد کە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر دۆخی ژنان لە ئەفغانستان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی تشرینی دووەم، مەلالە یوسفزای چالاکوانی ژنان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ئامادەیی ڕێپێوانێکی ناڕەزایی بوو کە لەلایەن ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئەفغانی لە لەندەن ڕێکخرابوو، داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد بێدەنگ نەبن بەرامبەر ڕەوشی ژنانی ئەفغانستان.

 

هەروەها ئەو کەسانەی دیکە کە بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون، داوای ئەوەیان کرد کە گرنگی بە داواکارییەکانی ژنانی ئەفغان بدرێت و کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن تاڵیبانەوە ئەنجام دەدرێت.

 

خۆپیشاندەران ئاماژەیان بە باڵادەستی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سنووردارکردنی گروپەکە بۆ سەر ژنان کرد و داوای دووبارە کردنەوەی خوێندنگاکانی کچانیان کرد، هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی دادگای بیابان و ئازادکردنی ژنانی خۆپیشاندەریان کرد کە لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکراون.

 

ئەمە یەکەم جار نییە کە ژنان لە ناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە بە کۆت و بەندی پەروەردەیی توند دەچەوسێندرێنەوە، تا ئێستا چەند جارێک گردبوونەوەکان ئەنجامدراون بەڵام لەناو ئەفغانستاندا سەرکوت کراون و لە وڵاتانی ئەوروپاش بێ وەڵام ماونەتەوە.