کابول، تاڵیبان بە تەقەی ئاسمانی ڕێگری لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ژنان کرد

هێزەکانی تاڵیبان گردبوونەوەی ژنانی ناڕازییان لە کابول بە تەقەی ئاسمانی بڵاوە پێکرد و ڕێگەیان نەدا ڕێپێوان بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ١٣ی ئاب ژمارەیەک لە ژنانی ناڕازی لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕووخانی ئەفغانستان و داگیرکاری تاڵیبان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

 

ژنانی ناڕازی بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک "ناو، کار، ئازادی"، "ئێمە ژنی بێکارین، لە هەڕەشە بێزارین"، و "مافی خۆمان دەوێت" گردبوونەوەیەکی ناڕەزایییان لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەی تاڵیبان ئەنجامدا و داوای گەڕانەوەی ژنانی کرێکاریان بۆ سەر کارەکانیان کردنەوەی قوتابخانەی کچانیان کرد.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی گردبوونەوەکەدا هێزەکانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەی ژنانی ناڕازی و بە تەقەی ئاسمانی بڵاوەیان پێکردن.

 

ساڵێک بەسەر ڕووخانی کابولدا تێدەپەڕێت، دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، چەندین جار بەڵێنی دابوو کە ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش و مافەکانی ژنان دەستەبەر دەکات، بەڵام ئێستا هیچ ئاشتی و مافێکی ژنان بوونی نییە، ناسەقامگیری لە ئەفغانستان زیادیکردووە و بە ملیۆنان ئەفغانی بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، هەزاران کەس کوژراون و هەزاران کەسیش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانەوە.

 

هاوکات نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک کۆلێرا و سورێژە لەو وڵاتەدا ژیانی سەدان منداڵی سەندووەتەوە، سەرجەم کارمەندە ژنەکان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ژنان بە گشتی لە ماڵەکانیاندا ماونەتەوە.