لە عێراق لە ماوەی هەفتەیەکدا ٧٤١  "توندوتیژی خێزانیی" ڕوویداوە

لە کاتێکدا کە ژنان لە سەرتاسەری جیهان دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک ڕژانە سەر شەقامەکان، لە ماوەی هەفتەیەکدا ٧٤١ ژن لە عێراق لە لایەن نزیکترین پیاوەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان لە سەرانسەری جیهان بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان و هەموو جۆرە توندوتیژییەکی سەریان ڕەتدەکەنەوە، لە عێراق کە یەکێک لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست کە توندوتیژی دژ بە ژنان ڕێژەکەی بەرزە، ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ داگیرکاری و شەڕ و قەیرانی ئیداری و ئابووریدا تێدەکۆشێت، ئەو داتایەی کە توندوتیژی هەفتەی کۆتایی ڕووندەکاتەوە نیگەرانی دروست دەکات، بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە هەفتەی ڕابردوودا ٧٤١ ژن لە ماڵەکانیان توندوتیژییان بەرامبەر کراوە و دەزگا فەرمییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە.

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند لە نێوان ٢٠ تا ٢٦ی تشرینی دووەمدا ٧٤١ ڕووداوی توندوتیژی خێزانی لە عێراق تۆمارکراوە.

 

هەروەها بەپێی ئامارەکان لە ٢٥ ڕۆژی یەکەمی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ١١ ژن لە عێراق و باشووری کوردستان بە ناوی 'شەرەف' کوژراون.