مردنی بەکۆمەڵی ماسی بەهۆی ژەهراوی بوونی ئاوەوە

بەهۆی ژەهراوی بوونی ڕووباری ئۆدەرەوە مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان ڕوویداوە و ئێشتا نازانرێت سەرچاوە و پێکهاتەی ژەهراوی بوونەکە چییە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی ژینگەی ویلایەتی براندنبۆرگی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ماددەیەکی زۆری نەناسراو کە ژەهراوییە لە ڕووباری ئۆدەردا دۆزراوەتەوەم کە بە پۆڵەندا و ئەڵمانیادا تێدەپەڕێت، بووەتە هۆی مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان.

 

رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وەزارەتەکە رایگەیاند، شیکارییەک بۆ ئاوی رووبارەکە کراوە، دەرکەوتووە ماددەی کیمیایی دەستکرد کە پێدەچێت ژەهراوی بێت بووەتەوە هۆی مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان و هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کە ئەو ماددەیە چۆن تێکەڵی ئاوی ڕووبارەکەوە بووە، بەڵام تاقیگەی حکومەت ئاستی بەرزی جیوە لە نمونەی ئاوەکەدا دۆزیوەتەوە.

 

سەرۆکی دەسەڵاتی نیشتمانی بەڕێوەبردنی ئاوی پۆڵەندا، پرێمیسوا ڤداکا، بە وێستگەی تایبەتی "پۆلسات نیوز"ی ڕاگەیاندووە، هێشتا بوونی جیوە لە ئاوەکەدا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

 

وەزارەتی ژینگەی ئەڵمانیاش ڕایگەیاندووە، هێشتا ناتوانرێت بڕی ئەو ماسیانە دیاری بکرێت کە لە سەرانسەری پۆڵەندا و ئەڵمانیا گیانیان لەدەستداوە.

 

لە هۆشدارییەکدا بۆ ڕای گشتی کە سەرەتای ئەم هەفتەیە بڵاوکرایەوە، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە شاری ئوکەرمارک و بارنم هاوڵاتیانیان ئاگادارکردووەتەوە خۆیان بەدوور بگرن لە بەرکەوتن لەگەڵ ئاوی ڕووباری ئۆدەر.