"لە ڕێگەی یاساوە دەیانەوێت پاشەڕۆژی ژنان وێران بکەن"
کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان - لقی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، دوا هەوڵدان بۆ توندوتیژی دژی ژنان، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ە.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئازادی لە شاری سلێمانی، لە درێژەی چالاکییەکان بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان – لقی سلێمانی، بە بەشداری بەشێک لە چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا دایکی پەرچەم، سکرتێری کۆمەڵەکە ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، "توندوتیژی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاکەکانی کۆمەڵگەیە ، ٢٥ی تشرینی دووەم، کە بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناسراوە، لە ساڵانی شەستەکاندا سێ خوشک بە ناوەکانی (پاتریا، مینروا، ماریا) کە بە خوشکانی "میراباڵ" ناسراون، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەدا توتدوتیژیان بەرامبەر کرا و کوژران، بە هۆکاری ئەوەی داوای مافەکانی خۆیان و هاوسەرەکانیان کردووە، لەو ڕووداوە و بە هەوڵ و تێکۆشانی ژننا لە هەموو جیهاندا، بڕیاردرا لەلایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١، ٢٥ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژی ژنان بناسێندرێت لە هەڵمەتێکی گشتگیری (١٦) ڕۆژەدا.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە درابوو کە لە ئێستادا لە کوردستان توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەردەوامیی هەیە بە ڕێگای جیاواز، وەک هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت، ڕێنەدان بە کارکردنی ژنان، دواترینیشییان هەوڵدانە بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی (١٨٨)ی ١٩٥٩ کە هاوسەرگیری خوار تەمەنی یاسایی ڕێپێدەدات، لەکاتێکدا ئەمە دژ بە هەموو یاسا و دابونەریتێکە و پێشێلکردنی مافی ژنانە و وێرانکردنی پاشەڕۆژی ژنانە.
هاوکات ئاماژەش بەوە درابوو کە سەرباری هەبوونی یاسا لە هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا جیبەجێکردنی یاساکان لە بەرژەوەندی ژنان نەبووە، لە هەمانکاتدا داوا لە بەرپرسان و لایەنی دەسەڵات کرابوو، بۆ ڕێگریکردن لە توندوتێژییەکان دژ بە ژنان و بە سزاگەیاندنی تاوانباران، هەروەها قەرەبووکردنەوەی ژنانی زیانلێکەوتوو، چ لە ڕووی جەستەییەوە بێت یان دەروونی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە، جەختکرایەوە، کە کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان هەمیشە بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە کار دەکەن، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی سیمینار و پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بەرژەوەندی ژنان و بەشداریکردنییان لە پڕۆسەی سیاسی و ئابووریدا.