داوای ڕاگرتنی ئەشکەنجەو نەهێشتنی سێدارەی نهێنی لە عێراق دەکرێت

ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چالاكوانان داوایان لە حكومەتی عێراق كرد، دەستبەجێ لەسێدارەدانی نهێنی ڕابگرێت و ئەشكەنجەدان بەرامبەر بە زیندانیان بەتایبەتی ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە ڕابگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چالاكوانان سەبارەت بە نەهێشتنی سێدارەی نهێنی و ئەشكەنجەدان لە زیندانەكانی عێراق و پێشكەشكردنی داواكاریی بە حكومەتی عێراق، بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوەو تییدا هاتووە: ٧ ڕێكخراو كە ٥ ڕێكخراوی عێراقی و نێودەوڵەتی و دوو چالاكوانی مافی مرۆڤیشیان تێدایە، داوایان لە حكومەتی عێراق كرد دەستبەجێ لە سێدارەدانی نهێنی و ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان ڕابگرێت و لێكۆڵینەوە لە لە سێدارەدانی نایاسایی و گیانلەدەستدانی گوماناوی بكرێت، بەتایبەتی لە ناو زیندانی ناسریە.

 

زۆرێك لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ پێشتر ڕەخنەیان لە تێكچوونی بارودۆخی مرۆیی ئەم زیندانە گرتووە، كە بە “زیندانی حوت” ناسراوە، بەو پێیەی باوەڕێك لای زۆرێك لە عێراقییەكان هەیە، كە هەركەسێك بچێتە ناویەوە ناتوانێت بە زیندووی لێی دەربچێت.

 

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم حكومەتی عێراقی تۆمەتبار كرد بەوەی مەودا و خێرایی لەسێدارەدانی “نایاسایی” لە ساڵی ٢٠٢٤دا فراوانتر بووە، چونكە نزیكەی هەشت هەزار كەس چاوەڕێی لەسێدارەدانن لە عێراق.

.

ڕێكخراوەكان داوای پێشكەشكردنی چاودێری تەندروستی بۆ زیندانییەكان دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی كە نەخۆشی سیل لەنێویاندا بەربڵاوە، هەروەها داوای جێبەجێكردنی پرۆتۆكۆڵێكی نوێ بۆ سەردانی خێزانەكان دەكەن، كە ئێستا بووەتە ئەركێكی قورس بۆ خێزانەكان.