ڕۆژنامەوان ڕەیحان چاپان سزای زیندانی به‌سه‌ر سه‌پێنرا

ڕەیحان چاپان، سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندم کە پێشتر دەستگیرکرابوو سزای ١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندم بە بڕیاری یاسایی ٦٧٥ لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ دا دەرچووە بە تەواوی داخرا، وەک بەشێک لە هەوڵی کودەتای سەربازی لە ١٥ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٦، لەماوەی باری نائاساییدا حکومەت چەندین دەزگای ڕاگەیاندن بەبڕیاری یاسایی داخست کە بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

بەڕێوەبری گشتی و سەرنووسەری ڕۆژنامەکە بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن تاوانبارکران، ڕەیحان چاپان وەک سەرنوسەری ڕۆژنامەکە لە ١٦٩ کەیسی دادگادا وەک تۆمەتبارێک دانرابوو زۆربەی ئەم دۆسیانە دواتر یەکخرابوونەوە، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ دا، ڕەیحان چاپان بە تۆمەتی "پروپاگەندەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" لە زینداندا دانرا، بەڵام  لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ئازاد کرا.

 

ڕۆژی ١٨ ئایار ساڵی ٢٠٢٢ ڕۆژنامەوان ڕەیحان چاپان لە ئەستەمبوڵ سزای قورسی بەسەردا سەپێنرا، لە دانیشتنی دووەمی دۆسیەکەدا پارێزەرەکەی بە ناوی ئۆزکان ئەو بەرگریە نووسراوەی دووپات کردەوە کەداوای بێتاوانی ڕەیحانی کرد، دوای بەرگریش دادگا بڕیاریدا بە سزای ١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر ڕیحاندا و ئەو سزایەی بەسەر ئه‌رین که‌سکینی هاوپیشەیدا سەپێنرابوو دواخرا.