داواکاری گشتی سزای ڕۆژنامەنووسێک کەم دەبینێت

داواکاری گشتی تورکیا سزای سەپێندراوی ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەر ڕۆژنامەنووس نورجان یاڵچیندا کەم بینی و تانەی لە دادگای تێهەڵچوونەوە دا.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- ڕۆژنامەنووس نورجان یاڵچین لەسەر ڕاپۆرتێک کە لە هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٥ لە سوری ئامەد لەبارەی ژنانەوە ئامادەی کردبوو، لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٢ بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەستگیرکرا و لە دادگای چوارەمی تاوانە قورسەکانی ئامەد بە تۆمەتی "بە ئاگاداری هاوکاریکردنی ڕێکخستن" بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی سزای بەسەردا سەپێندرا.

 

لە سزاکەدا ئەو پرسیارانەی نورجان یاڵچین لە ژنانی کردووە وەک هاندانی یاخیبوون و توندوتیژی لە قەڵەمدرا و داواکاری گشتی سزاکەی بە کەم زانی و تانە لە دادگای تێهەڵچوونەوە دەدات بۆ زیادکردنی سزاکە.

 

داواکاری گشتی خوازیاری سزای زیاتر بوو

داواکاری گشتی تانەی لە سزاکە دا و داوای زیادکردنی سزای لە دادگای تێهەڵچوونەوە کرد و ڕایگەیاند، ئەو سزایەی دەدرێت لەڕووی ڕێکار و بنەماوە پێچەوانەی یاسایە، هەروەها لە داواکارییەکەدا هاتووە، "هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە کە تۆمەتبار پەیوەندی بە پلەبەندی ڕێکخراوەکەوە کردبێت، بەڵام تۆمەتبار بە شێوەیەکی ئەخلاقی پشتگیری لە ئامانج و پاڵنەری ڕێکخراوەکە کردووە، گرنگیی بەربەستی خەندەق و ئەو زیانانەی لە شەڕەکەدا کەوتوونەتەوە، خستوویەتییە ڕوو بۆیە پێویستە سزای زیاتر بدرێت لەو سزایەی کە بۆ تۆمەتبار دەسەپێندرێت".