"قژمان دەبڕین لەپێناو مافی نیوەی کۆمەڵگە"

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی مەغریب لە هەوڵدان بۆ گەیاندنی پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ژنانی ئێرانی کە قوربانی سیستمی سیاسی و مەزهەبی و سەپاندنی سانسۆری توندن.

حەنان حارت

 

مەغریب- ژنانی مەغریبی سەر بە جیهانی هونەر و سیاسەت و ڕۆشنبیری دەستپێشخەری "قژمان دەبڕین لەپێناو مافی نیوەی کۆمەڵگە"یان دەستپێکردووە و پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان بۆ ژنانی ئێران دووپاتدەکەنەوە کە ڕووبەڕووی سیستمی سیاسی و مەزهەبی و سەپاندنی سانسۆری توند دەبنەوە.

 

نەعیمە فەرەح، سیاسەتمەدارێکی مەغریبییە و بەشداری لە دەستپێشخەرییەکەدا کردووە، ئاماژەی بەوەدا، دەستپێشخەریی "قژمان دەبڕین لەپێناو مافی نیوەی کۆمەڵگە" وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنی مافی ژنان لە ناوخۆی ئێراندا هات، بە مەبەستی ناردنی پەیامێک بۆ هەموو ژنانی جیهان و نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ ژنان لە ئێران و بوونە پاڵنەری ناساندنی مافە یاسایی و مرۆییەکانی ژنان، بەشداری ژنانی مەغریبیش بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زۆرترین ژنی مەغریبییە تا جەختبکەینەوە کە ئەوەی لە ئێراندا ڕوودەدات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قبوڵکراو نییە.

 

ئەو سیاسەتمەدارە باسی لە دۆخی ئێستای جیهان بۆ ژنان کرد و وتی: بەداخەوە هەرێمەكەمان ئاگاداری پاشەكشەی كۆمەڵێك مافە كە ژنان لە كاتێكی دیاریكراودا بەدەستیان هێناوە، ئەو توندوتیژی و نادادپەروەری و هەڵاواردنانەی ئەمڕۆ لە دژی ژنان بەڕێوەدەبرێت، وامان لێدەکات بە شێوەیەکی کۆنکرێتی ببینین کە دابەزینی ئەو مافانە لە ئارادایە.

 

لەبارەی ئەگەری ئەوەی کە هاودەنگی فێمینیستی جیهانی دەتوانێت ئامرازێکی فشار بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکارییە جۆراوجۆرانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە، وتی، "مردنی ژینا ئەمینی ئەو خاڵە بوو کە جامەکەی ڕژاند و زۆربەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی ژنان لە جیهاندا ڕاپەڕین و بڵاوکراوەیان هەبوو، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەوەی کە بەسەر ژینا ئەمینیدا هات و کەریگەری هەبوو" نەعیمە فەرەح دەشپرسێت "ئایا ڕاپەڕینی ژنان دەبێتە ئامڕازێکی فشار؟" هەروەها دەڵێت: ئێمە هیواداری ئەوەین، هیوادارین ویژدانی جیهان بجوڵێت و سەیری ئەوە بکات کە ژنانی ئێران لە سەردەمی ڕژێمی خومەینیدا تووشی چی دەبنەوە، بۆیە پێویستە ویژدانی جیهانی گرنگی بەو شتانە بدات کە لەناوخۆی ئێراندا ڕوودەدەن، هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو پێشێلکارییانەی کە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن.