ڕێپێوانی جیهانیی ژنان لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کۆردیناسیۆنی ڕێپێوانی جیهانیی ژنان لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تێکۆشان دژی سیاسەتەکانی ڕژێمە سەرمایەدارییەکان و هەوڵدەدەن بۆ نەهێشتنی هەژاری و برسێتی، بڵاوبوونەوەی بێکاری، بەردەوامی نەخوێندنەوە و ڕێگری توندوتیژی دژ بە ژنان.

ڕەفیف ئەلسەلیم

 

غەزە- تێکۆشان دژ بە سیاسەتی ئابووری و کۆمەلایەتی، کە لەلایەن ڕژێمە سەرمایەداری و کۆمپانیا جیهانی و سیستەمە هاوبەشەکانەوە بۆ خۆبەدەستەوەدانی ناوەندەکانی سەرمایەی جیهان بەڕیوەدەبرێت، ئامانجی سەرەکی کۆردیناسیۆنی ڕێپێوانی جیهانیی ژنانە لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

ڕوبا عودە، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ڕێپێوانی جیهانیی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە فەلەستینەوە، ئاماژەی بەوەدا کە کۆردیناسیۆنەکە یەکگرتنێکی جیهانیی فیدڕاڵییە کە ٥٣ وڵات تێیدا بەشدارە، لە ساڵی ١٩٩٥ دەستی بە کارەکانی کردووە دوای ئەوەی ڕێپێوانێکی درێژ مەودا بە بەشداری زیاتر لە ٨٥٠ ژن بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری کاپەتی کەنەدا ئەنجامدرا دژی هەژاری و توندوتیژی، ئامانجی کۆردیناسیۆنەکەش دژ وەستانەوەی گوشار و نادادپەروەری ئابوورییە بەرامبەر بە ژنان و پشتیوانی گەلانی چەوساوەیە تا لەو ڕێیەوە مافە ڕەواکان بەدەستبێت، لە ئێستاشدا ئەندامەکانیان گەشتووەتە ٢٠٠٠ ژن لە جیهانەوە.

 

کۆردیناسیۆن ساڵانە چوار چالاکی جیهانی ڕێکدەخات

ڕوبا عودە خستیەڕوو کە ساڵانە کۆردیناسیۆنەکە چوار چالاکی بەرفراوان ڕێکدەخات، یەکەم چالاکییان سەفەربەرییە کە لە ڕۆژی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنان دەستپێدەکات و تا ١٧ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و تێیدا بانگەشەی وەستاندنەوە دژی توندوتیژی و هەژاری دەکرێت، چالاکی دووەم لە ٥ی ئاداردا ڕێکدەخرێت تێیدا باس لە پەیوەندی ژن و سروشت و خاک دەکرێت و ژنانی جیهان تێیدا بەشداردەبن بەتایبەتی ژنانی جوتیاری کورد و فەلەستینی کە گرێدراوی زۆریان بە خاکەوە هەیە.

 

چالاکی چوارەمی کۆردیناسیۆنەکە لە ١٧ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەدەبرێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری، هەروەها بانگەوازی لە گەلانی جیاواز دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ تێکۆشان و ڕۆڵی ژنان لە بەدیهێنانی سەروەری خۆراک و گەیشتن بە سەرچاوەکان و جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزیی هەموو گەلان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوبا عەودە باسی لە کۆتا چالاکی کرد کە لە ٢٤ی نیساندا بەڕێوەدەبرێت و تێیدا دژی سیستمی سەرمایەداری و داگیرکاری لەسەر ژنانی ڕەنجکێش ٢٤ کاتژمێر تێکۆشان دەکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو ئەندامی کۆردیناسیۆنی ڕێپێوانی جیهانیی ژنان لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان وڵاتانی ئەندام بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکان، وتی: دامەزراوەی نیشتمانی سەر بە هەر وڵاتێک هەیە، بەپێی ئامانجە بنەڕەتییەکان کاردەکات، کاری ڕێکخراوەکان تەنیا هەماهەنگی نییە، بەڵکو کاردەکات بۆ چاودێریکردنی هەموو کێشەکانی ژنان و ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان و پێشکەشکردنیان بۆ هەرێمەکانی کاری تێدا دەکەن، بەمەش ئەنجامی چاودێرییەکان دەگاتەوە بە ئەمینداری گشتی هەماهەنگی نێودەوڵەتی تا لێکۆڵینەوە و دەست بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکان و دانانی پلانی کار بکرێت.