دەوڵەتی تورکیا مەقبولە ئۆزەری ٨٠ساڵی دەستگیر کرد

لە شاری وان، مەقبولە ئۆزەری ٨٠ ساڵ کە بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی ٪٥٧ خاوەن پێداویستی تایبەتە، لەگەڵ هاوژینە ٧٨ ساڵەکەیدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکران و سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

مەدینە مەمەدئۆغلو

 

وان-  لە شاری وانی باکوری کوردستان، مەقبولە ئۆزەری ٨٠ ساڵ کە بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی ٪٥٧ خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە منداڵییەوە وەهایە، لەگەڵ هاوژینە ٧٨ ساڵەکەیدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە بیانووی "هاوکاری ڕێکخراوی تیرۆریستی" بە دوو ساڵ و ٦ مانگ سزای زیندانی دران و دوێنێ دەستگیرکران.

 

لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٨دا لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان لە ناوچەی ئیدرمیتی شاری وان لە باکوری کوردستان، کە چوار منداڵ و ١٧ کەس لە ماڵەکەدا بوون، مەقبولە ئۆزەری ٨٠ ساڵ و هاوژینە ٧٨ ساڵەکەی بە ناوی هادی ئۆزەر لەگەڵ ٥ کەسی دیکەدا دەستبەسەرکران، لە پێنج کەسە دەستبەسەرکراوەکە، یەکێکیان دەستگیرکرا و دۆسیە بۆ ئەوانی دیکە کرایەوە، دوێنێ لەلایەن دادگای باڵاوە کەیسی مەقبولە و هادی ئۆزەر پەسەند کرا و سزای دوو ساڵ و ٦ مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا.

 

مەقبولە ئۆزەر ناتوانێت بە گۆچانیش بڕوات بەپێ

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئەندامانی خێزانەکەیەوە دەستکەوتووە، دەرکەوت کە مەقبولە بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی ٪٥٧ خاوەن پێداویستی تایبەتە و بە گۆچانیش بە ئەستەم دەتوانێت بڕوات، ئەندامانی خێزانەکەی ئەوەشیان خستەڕوو کە لە زینداندا ناتوانرێت پێداویستییەکانی بۆ دابینبکرێت، هەروەها چەندین نەخۆشی وەک شەکرە، کۆلسترۆڵ و پوکانەوەی ئێسکەکانی هەیە.