تەلار لەتیف: یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کێشە لە جێبەجێکردنیدا هەیە

هەرچەندە یاساکان پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە، بەڵام نە یاساکان هەموار دەکرێنەوە، نە توندوتیژی و تاوانەکانی کوشتن بنبڕ دەکرێت، بە پێچەوانەوە لە ڕێی شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتن ڕێژەکە تا دێت زیاد دەکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چەندین هۆکار هەن بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و ونبوونی تاوانباران، یەکێک لەوانە کەموکورتی یاساکانە بە گشتی و بەتایبەت یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست.

 

جگە لە کەموکورتی ئەو یاسایانە کێشە لە جێبەجێکردنیاندا هەیە کە وەک خودی دەقی یاساکە بەرامبەر بە تاوانباران جێبەجێ ناکرێن، هەرچەند تاوانبار دان بە تاوانەکەیدا بنێت، بەڵام یاسا لە خزمەتی دەسەڵاتداراندایە، تاوانبار ئازاد دەکات و دووبارە دەبێتەوە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بە تایبەت، هەرچەندە پێویستیشی بە هەموارکردنەوە هەیە، بەڵام ناکرێت.

 

"کەموکورتی و جێبەجێنەکردنی یاساکان بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی"

تەلار لەتیف، پارێزەر، دەربارەی کەموکورتی یاساکان بۆ سزادانی تاوانباران باسی لەوەکرد، کۆی یاساکان و جێبەجێنەکردنیان بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، هەندێک کات هۆکاری نەبوونی بەڵگە یاخود گۆڕینی ماددەی کوشتنەکە لە کوشتنەوە بۆ خۆکوشتن، بوونەتە هۆکاری زیادبوونی کوشتن و توندوتیژی بۆسەر ژنان.

 

هەندێک لە هۆکارەکانی دیکە بریتییە لە نەبوونی سکاڵاکار، بە جۆرێک کاتێک کەسێک کوشتنێک ئەنجامدەدات و هیچ کەس سکاڵای لێناکات، ئەمە دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ زیادبوونی کوشتنی ژن، تاوانباران بە پشت بەستن بە لێبوردنی گشتی و تایبەتی کردەی کوشتنەکان ئەنجامدەدەن، بۆیە پێویستە ئەو یاسایە بکوژانی ژنان نەگرێتەوە، ئەگەر لە دەسەڵاتیشەوە نزیک بێت.

 

"یاساکان پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە"

تەلار لەتیف ئاماژەی بەوەدا، یاساکان پێویستە هەموار بکرێنەوە بە جۆرێک، کە نەبوونی بەڵگە و لاوازی بەڵگەکان نەبنە هۆی ئەوەی کەیسەکە ون ببێت یاخود بەلاڕێدا ببرێت و بکوژ سودمەند بێت.

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە کە تا ئێستا هیچ کەسێک لەناو ئامارەکاندا بەپێی ماددەی ٤٠٨ سزا نەدراوە، کە ماددەیەکە تایبەتە بە خۆکوشتن، لە کاتێکدا زۆرینەی تاوانەکانی کوشتنی ژنان دەخرینە ئەم چوارچێوەیەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە یاسا و ماددەکان لاوازن و نەبوونەتە ڕێگری لە بەردەم کەمکردنەوەی ئازار و کوشتنی ژنان، "بۆیە پێویستە یاساکان دەستکاری بکرێن، چونکە لەم دواییانەدا ڕۆژ نییە گوێبیستی کوشتن، سوتاندن و ئازارەکانی ژنان نەبین، هەروەها چارەسەر لە یاسا و هۆشیاریدا ئەنجام بدرێت".

 

"نەبوونی بەڵگە و شاردنەوەی ئامارەکان ڕێژەی کوشتنی ژنان زیاد دەکات"

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشدا جگە لە بوونی یاسایەکی دروست و جێبەجێکراو، پێویستە هۆشیاری تاک هەبێت بەرامبەر یاساکان و جێبەجێکردنیان، هەروەها لە ڕێی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هۆشیارییەکان بە ڕووی هاوڵاتیان بە گشتی و ژنان بە تایبەت واڵا بکرێت، جگە لەوە پشتگیریکردن و هەبوونی کەمپینی جۆراوجۆر بۆ کارکردن لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی و حاڵەتاکانی کوشتنی ژنان بەڕێوەبچن.

 

دەربارەی شاردنەوەی ئامارەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان، تەلار لەتیف وتی: "ڕاستە بڵاونەکردنەوەی هەواڵەکان لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر دەروونی تاک، بەڵام پێویستە بزانرێت شاردنەوەی زانیارییەکان هۆکارە بۆ شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتن و دواجار پاڵپشتییەک دەبێت بۆ ئەوەی بەڵگەکان ون ببێت، دواجار ڕێژەی توندوتیژی زیاد دەکات نەک کەم".