حەفیزە شەقیر: کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە کەمپەینی داکۆکیکردن هەیە

حەفیزە شەقیر، چالاکوان و مامۆستا لە یاسای گشتیدا ئاماژەی بەوەدا پێویستە یاسای ژمارە ٥٨ بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بە داکۆکیکردنی هاوبەش و چالاکی و هەڵمەتەکان چالاک بکرێتەوە.

نەزیهە بوسەعیدی

 

تونس- چالاکوانی مافی مرۆڤ و مامۆستا لە یاسای گشتیدا، حەفیزە شەقیر جەختی لەسەر پێویستی هەماهەنگی نێوان هەموو لایەن و ڕێکخراوەکان کردووە بۆ داکۆکیکردن لە ژنانی قوربانی توندوتیژی و کارکردن بۆ بنیادنانی بەرەیەکی بەهێزی وەستانەوە دژ بە هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان.

 

حەفیزە شەقیر ئاماژەی بەوەدا کە یاسای ژمارە ٥٨ کاتێک لە ساڵی ٢٠١٧دا دەرچوو، بە "شۆڕشگێڕی" بەناوکرا، چونکە ئامانجی گرتنەبەری ڕێگەیە بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لەسەر بنەمای جیاکاریی ڕەگەزی و هەروەها بەدیهێنانی یەکسانی و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ، وتیشی: ئەم یاسایە بۆ ئەوەبوو ژنان بتوانن لە چوارچێوەی دەقی یاسادا بەدوای مافەکانیان بگەڕێن و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە تاوانبار و سەرپێچیکار بکات و مافی خۆی بەدەستبهێنێت لە هەر شەرت و مەرجێکدا بێت، لەگەڵ ئەوەی چوار ساڵ بەسەر بڕیاردان و پەسەندکردنی ئەم یاسایە و چەندین کۆنگرە و کۆبوونەوە کراوە، بەڵام نەتوانراوە ڕێژەی توندوتیژییەکان کەم بکرێتەوە، بەڵکو بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ژن ٧ هێندە زیادی کردووە و چەندین سەنتەری ژنانیش داخراون و خزمەتگوزاری پێشکەشی ژنان ناکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانەی مافی مرۆڤ لە تونس، ئاماژەی بەوەدا کە ئاستەنگی زۆر هەیە لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکاندا بەو شێوەیەی کە دەبوو جێبەجێبکرێت، هەروەها لە کاتی بوونی کەیسی توندوتیژی دژی خێزان و منداڵ، کەسی دەستدرێژیکار پشتگوێ دەخرێت لە بردنی بۆ ناوەندەکانی چارەسەر، هەندێک لایەنیش بەهۆی ئەقڵیەتی دژە ژنیانەوە نیازی جێبەجێکردنی یاساکەیان نییە.

 

لە کۆتاییدا ئەو چالاکوانە جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە فشار دروستبکرێت و کەمپەین ڕێکبخرێت تا یاساکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت و مافی ژنان لە کاتی دەستدرێژی و هەموو حاڵەتەکانی دیکە بەدەستبهێنرێت.