ڕۆژنامەنووس زیندانی دەکەن، داوای ئازادی بۆ ڕۆژنامەنوسان دەکەن

ئەڤین نەسرین- ڕۆژنامەنووس

 

 

١٢٣ ساڵ تێپەڕ دەبێت بە سەر دامەزراندنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا بە ناوی کوردستان، ئەگەر چی لەوکات و سەردەمەدا یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە دەرەوەی کوردستان و لە قاهیرە دەرچوو لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە کاتێک ئاوارە و پەناهەندەی قاهیرە بوو بوو، واتا یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە ئاوارەیدا لە دایکبوو.

لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی باشوری کوردستان و دروستبوونی دەسەڵاتی کوردی لە ساڵی ١٩٩٢، ئەم هەرێمە بووە زەویەکی بە پیت بۆ چەکەرەکردنی چەندین ڕاگەیاندنی جۆرا و جۆر، تەنها ژمارەی کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئاسمانی ٣١ کەناڵ و ١٢٧ کەناڵی ناوخۆی و ٣٥ ماڵپەڕ هەیە جگە لە  چەندەها ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ.

ئەمڕۆ لەناو هەرێمی کوردستاندا لە ژێر ناوی ئازادی ڕۆژنامەنووسیدا بە سەدان وێستگەی ڕاگەیاندان هەن، بە نوسراو و بیستراو و بینراوەوە، ئەوانەی ئازادن و دوورن لە دەسەڵات تەمەنیان کورتە ئەوانەش هی بەرپرس و حزب و دەسەڵاتن ڕاگەیاندنیان کردۆتە گۆڕەپانێک و ئیتیکی پیشەیی ڕۆژنامەوانیان لە دەستداوە بە ناوی پرۆفیشناڵیەوە بوون بە شێرپەنجەی کۆمەڵگا

 

میقداد مەدحەت لە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستاندا دەڵێت"  کورد خاوەنی بیر و هۆشە، جوامێر و بەهێزە، بەڵام وەک نەتەوەکانیتر خوێندەوار و دەوڵەمەند نین، نازانن دراوسێکانیان چی دەکەن و ئاگایان لێی نیە، بۆیە ئەم ڕۆژنامەیەمان نووسی".

ئەمڕۆ بەو ژمارە زۆرەی ڕاگەیاندن کە لە هەرێمی کوردستاندان، دەکرێت پرسیار بکەین، ئێمە تا چەند لە ژێر ئەو دروشم و خەمەی ڕۆژنامەی کوردستاندا کارمان کردووە و خەمی هۆشیاری کۆمەڵگا و دروستکردنی ڕایگشتیمان بۆ پرسە گرنگاکان کردوەتە پێوەر.

دەکرێت بڵێین لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەی کوردستانیش هەستی بەو ئاوارەیە کردووە، کە وەک میلەتەکەی بەردەوام لە ئاوارەیدا ژیاوە، بۆیە زانیویەتی هۆکاری ئەوەی لە وڵاتێکیتر لە دایک دەبێت و لە نیشتیمانەکەی خۆی لە دایک نابێت چیە؟ دەبێت ویستبێتی ئەو ڕۆژنامانەیتر کە دەبنە خوشک و برای بچوکی لە نیشتیمانی خۆیاندا لە دایک بن؟.

 

ئەمڕۆ لە کوردستاندا نە ڕاگەیاندن ئازادە و نە ڕۆژنامەنووسی ئازادیش باسی ئازادی لە ڕاگەیاندا دەکەن، ئەوانەی تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەن لە زینداندان، لە باکوری نیشتیمان ژنانی ئازاد لەبەر خاتری پرسی نیشتیمانەکەیان و دەنگی ژنی ئازاد لە زینداندان.

 

لە ڕۆژهەڵاتی نیشتیمانیش تا ئێستا ناتواندرێت لەبەردەم ڕژێمێکی وەک ئێراندا بیر و بۆچونی ئازاد هەبێت، لە باشوریشدا بنەماڵەی دەسەڵاتدار ئەو ڕۆژنامەنوسانەی هاواری ئازادی دەکەن و دەڵین " دەسەڵات هەر دەسەڵاتە ئەگەر ئەقڵیەت نەگۆڕێت" ئەوانیش لە نیشتیمانی خۆیان و بە بڕیاری دەسەڵاتی کوردی لە زینداندان، ئەوانەی بڕیاری زیندانیشیان داون لەم ڕۆژەدا پیرۆزبایی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری دەکەن و جەخت لەسەر ئازادی ڕۆژنامەنووسی دەکەنەوە.

 

 بەڕای ئێوە دەبێت تەنها ئەو ڕۆژنامەنووسانە ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە بن لە چاوی دەسەڵاتەوە کە بە ئاوازی خۆیان سەما دەکەن؟

 ١٢٣ ساڵ بەر لە ئێستا یەکەم هیوا لە ئاوارەیدا لە دایکبوو، ئەمڕۆش هیواکان لە زیندانەکاندا لە دایک دەبن و هاواری ئازادی دەکەن.