نیگەرانی زمانی دایکم لە کەرکوک!

نێرگز قادر – ڕاگەیاندکار

 

 

کوردم و بەکوردی يەدوێم

 

لەڕۆژی جیھانی زمانی دایکدا، دەمەوێت منیش وەک ھەمووان بڵێم کوردم و بەزمانی کوردی ئەدوێم، بەڵام پەیامەکەی من جیاوازتر لە پەیامی زۆرێک کەسانیترە، پەیامی من ئەوەیە، زمانی کوردی لە کەرکوک دەوروبەری بەناچاری قبوڵکراوەو ھەمیشەش مەترسیی لەسەرەو هەر ڕۆژەو لەلایەکەوە ئەو وەزیرو گزیرو سەردارو بندارانەی گەردێک دەسەڵاتیان هەبووبێت، هەوڵی بچووککردنی پێگەی کوردو لەکەدارکردنی زمانەکەیان داوەو تا هەنووکەش زۆرێکیان بەگووڕترو زیاتر لەهەوڵدان بۆ سڕینەوەی مۆرک و کلتوورو زمان و شووناسی میللەتێکی بەشمەینەتی وەک کورد، کەرکوکیش بەتایبەت لەدوای ڕووداوەکانی سێ ساڵی ڕابردووەوە بۆ ئەو کردارە چەپەڵەی دووژمنانی، نموونەیەکی زیندووە.

پێشتر سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت دەبوو وەک مافی یاسایی خۆیان نووسینیان بەزمانەکانیان لەسەر بەڵگەنامەو مامەڵەکانیاندا هەبێت کوردیش کە هاوشانی زمانی عەرەبی، زمانەکەی زمانی ڕەسمییە لە عێراق، دەبوو لەسەر بەڵگەنامەو نووسراوە رەسمیەکان ھەبێت، بەڵام وا وردە وردە هەر جارەو لەفەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتێکەوە ئەوەی وەک خێر لێی دەڕوانن، پێی ڕەوا نابینن ولەسەردەمی حوکمی قەرەقوشیانەی پارێزگارە بەوەکالەکەی هەموو ئەو ێاساو ڕێسایان ژێرپێ و پشتگوێ دەخرێن و دەسڕدرێنەوە، ئەوە باسی گرفتە پەروەردەییەکان کە بۆ خوێندنی کوردی دروستی دەکەن هەر ناکەم، چوونکە ھێندە زۆرە ھەر باس ناکرێت.

ڕۆژێ دەنگۆی نەهێشتنی وانەی کوردی لەتاقیکردنەوەکان و ڕۆژێک و چەندین ڕۆژ هەڵەی هەڵیچ و پەڵیچی زۆر لەتاقیکردنەوەی پۆلە کۆتاکانی خوێندنی کوردی و ڕۆژێک فێڵێکی تر، ئەمانە هەموو هەوڵدانن بۆ سڕینەوەی زمانی بەشێکی زۆری دانیشتوونی ڕەسەنی کوردی ئەم شارەو زیان گەیاندن بەکلتوورو مێژووەکەی.

ئەمە لەکاتێکدایە دەستوور مافی داوە بەسەرجەم پێکھاتەکان بەزمانی خۆیان بدوێن و خاوەنی بیرو باوەڕو ئاڵای خۆیان بن، کەچی ئێمە لەم کۆتاییەنەدا جگە لەوەی بەشێکی زور لەبەڕێوبەری فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەکانمان کە کورد بوون، لابران و بەعەرەب و تورکمان ئاڵوگۆڕیان پێکرا، لەگەڵ ئەوەشدا گەر کارت بکەوێتە ھەر فەرمانگەیەک و گەر بەزمانی کوردی بدوێیت، کەس ھەر وەڵامیشت ناداتەوە گوێ بۆ خواست و داواکارییەکان ناگیرێن و کارەکانت بەسانایی بۆ ڕایی ناکرێن، بۆیە؟بەناچاری کوردیش بەزمانی پێکھاتەکانیتر قسەدەکەن لەپێناو تێگەیاندنی فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگە بەمەبەستی ڕاییکردنی کارو مامەڵەکانیان.

بۆیە کوردبوون لەم شارەدا هێندە سەخت بووەو ئەبێت پەنجە بخرێتە سەر برینەکان و هاوارێک بکەین و دەنگ هەڵبڕین بۆ ڕاگرتنی سڕینەوەو لەکەدارکردنی زمانی دایکمان.