دەرفەتێک بۆ وەرگرتنەوەی کەرکوک

نەرمین عوسمان – سەرۆکی ئەنجومەنی ئینیستویتی نالی بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە

نەرمین عوسمان – سەرۆکی ئەنجومەنی ئینیستویتی نالی بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە

 

بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی کوردایەتی وەرگرتنەوەی کەرکوک لە داگیرکەران ئامانجی بووە، بەڵام تاکو ئێستاش ئەو ئامانجە نەپێکاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش تەنگ و چەڵەمەی زۆر لەسەر رێگەی خەباتی وەرگرتنەوەی کەکوکدا هەیە، دوژمن و پیلانی زۆر هەن، بەڵام کوردستانیبوونی کەرکوک جێگای مشتومڕ نییە.

 

کەرکوک تا ئاستێکی زۆر لە رووی کارگێڕییەوە لەژێر دەستی حکومەتی عیراقە، لە ساڵی ١٩٢١یشەوە تا ٢٠٠٣ هەروابووە، بەڵام نەتوانرا ناسنامە کوردستانییەکەی بسڕێتەوە و لە پڕۆسەی ئازادیی عیراقدا کەوتەوە دەست خاوەنە راستەقینەکەی کورد وەک نەتەوە و کوردستانیش وەک قەوارەیەکی دانپێدانراو.

 

ریفراندۆمی سەربەخۆیی مافی رەوای کورد بوو، بەڵام زۆر هۆکاری بابەتی، دەوروبەر و نێودەوڵەتی بوونە هۆکاری لەدەستدانی کەرکوک، بەڵام ئەمە کۆتا قۆناغی خەبات بۆ وەرگرتنەوەی کەرکوک نییە، بەڵکو دەبێت جۆشدانەوەی خەبات بۆ کەرکوک بەردەوام بێت بەبێ هیچ سازش و نەوی بوونێک، بە درێژایی مێژوو بزووتنەوەی کوردایەتی وەرگرتنەوەی کەرکوک لە داگیرکەران ئامانج بووە، کە نەشتوانراوە مانای دەستبەرداربوون نییە، بەڵکو کوردایەتی دەرەقەتی پیلانەکان نەهاتووە، شکستی کاتی هەڵسانەوەی بەدوادا هاتووە، سەدام بەو دڕندەییە لە ژێرەوە کوردستانیبوونی کەرکوکی دەسەلماند، بەڵام لە سەرەوە ڕاستی ئەو ناسنامەیەی رەتدەکردەوە.

 

ئێستا لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودایە، کورد کارەکتەرێکی سەرەکی و کاریگەر و پرسپێکراوە، دەوەستێتەوە سەر ئەوەی کورد چۆن سازش لەسەر کەرکوک نەکات و ئیدیعای وەرگرتنەوەی لایەنە کارگێڕییەکەی لەم قۆناغەدا بکات، بۆ داهاتووش بەتەواوی وەرگرتنەوەی لە رێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی حەکیمانەی وەکو سیاسەتەکەی سەرۆک مام جەلال.

 

مەسەلەی کەرکوک روون و رەوایە، مێژوو سەلماندوویەتی کەرکوک کوردستانییە، تەنگ و چەڵەمەی زۆر لەسەر رێگەی خەباتی وەرگرتنەوەی کەرکوکدا هەیە، دوژمن و پیلانی زۆر هەن، بەڵام کوردستانیبوونی کەرکوک ئەوە دەزانن، ماوەتەوە سەر لایەنەکانی کورد چۆن درێژە بەو خەباتە دەدەن و کەرکوک وەردەگرنەوە.