بە كەركوكدا بڕۆن بۆ بەغدا

نەرمین عوسمان – سەرۆکی ئەنجومەنی ئینیستویتی نالی بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە

نەرمین عوسمان –  سەرۆکی ئەنجومەنی ئینیستویتی نالی بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە

 

وردە وردە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەكەوێت، دەنگ و سەنگی لایەنەكان ڕوون دەبنەوە، بەپێی عورفی سیاسیش هێز و كوتلە سیاسییەكانی عێراق دەستدەكەن بە جموجۆڵ و دانووستاندن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، وەكو هەموو كابینەكانی تر، كوردیش بەشێك دەبێت لە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق.

لێرەولەوێ باس لە دوو ڕەوتی جیاواز بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكرێت، یەكێكیان رەوتی سەدرە كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و ئەوی تریشیان دەوڵەتی یاسا و چەند كوتلەیەكی نزیكن كە دەرفەت یان بەختی سیاسییان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ كەمترە لە سەدر.

حزبەكانی كوردستان نزیكەی ٦٣ كورسییان هەیە "رەنگە كەم و زیاد بكەن بەشێوەیەكی رێژەیی"، كوتلەیەكی گەورەی لێ دەردەچێت ئەگەر زیاتر كار لەسەر خاڵە هاوبەشەكان بكەن و ناكۆكییەكانی كوردستان نەبەنە بەغدا وەكو چەندین جار كراوە، بەڵكو بەهۆی بوونی مەترسیی زۆر پێكهێنانی كوتلەیەكی كوردستانی خاوەن پڕۆژە و بەرنامە گرنگە كە ڕاستییەكەی ئەوەی دەبینرێ ئەو كوتلەیە پێكنایەت و زۆر ڕووبدات بۆ پێكهێنانی حكومەت تەنها یەكێتی و پارتی بەشداردەبن.

یەكێتی و پارتی لەئێستادا زۆر ناكۆكن و خاڵی جیاوازی زیاتر كەوتووەتە نێوانیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەنجا كورسییان هەیە و دەتوانن هاوپەیمانێتییەكانی بەغدا سەنگدار یان لارەسەنگ بكەن، بۆیە گرنگە بەرنامەیەكی هاوبەشیان هەبێت و بەهۆیەوە مافەكانی كورد بچەسپێنن و كار بۆ بەدیهێنانی بكەن، لە سەرووی هەموویانەوە چارەنووسی كەركوك و پێشمەرگە و بودجە.

كەركوك مەسەلەیەكی ڕەوایە و سیاسەتی ناڕەوا و نادروست بەڕێوەی بردووە، بەدرێژایی مێژوو هیچ یەكێك لە حكومەتەكانی عێراق نەیانویستووە كەركوك لە دەستی كورد بێت، تەنانەت ڕێككەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ش هەر لەسەر كەركوك جیاوازیی زۆر هەبووە و دواتریش جێبەجێ نەكرا، تەنانەت سەدام حسێن بۆ ئەوەی كەركوك بۆ كورد نەبێت، كەنداوی عەرەبی بەپێی ڕێككەوتنێك داوە بە ئێران.

لە ڕاپەڕینیشدا كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە كەركوكیان ئازاد كرد، سوپای عێراق هەموو هێزی خۆی بەكارهێنا بۆ داگیركردنەوەی، دەتوانێ درێژەی ئەو هاوكێشە و سیاسەتە رەشەی عەرەبی شیعە و سوننە لە دژایەتیكردنی كەركوكدا لەوەدا ببینێتەوە، نە دەسەڵاتی سوننە و نە شیعەی ئێستایش رازی نین كەركوك بدەنەوە بە كورد.

جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠پێویستە یەكێك بێت لە مەرجەكانی بەشداریكردنی كورد لە حكومەتی عێراق، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەترسییەكان لەسەر كەركوك و خەڵكەكەی زیاتر دەبن، تەعریب و تەشییعی كەركوك بەردەوامە و ناوی جیاوازی لێ دەنرێت، پێویستە هەر لایەنێك بەشداری حكومەتی داهاتووی عێراق دەكات بە كەركوكدا تێپەڕێ و كاری جدی بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بكات.