گرنگی ڕۆڵی پزیشکی دادوەری لە لێکۆڵینەوەی تاواندا

پروشە قەلەندەر – پارێزەر



لە سەرەتا لەکاتی ڕوودانی هەر تاوانێكدا پێویستە نزیکترین بنکەی پۆلیسی لێ ئاگادار بکرێتەوە ، هەر بنکەیەك پێویستە لێکۆڵەری دادی و ئەفسەر و پۆلیسی تایبەت بە خۆی هەبێت.

پاشان دوای ئاگادار کردنەوەی دادوەری ئێشكگر سەردانی شوێنی ڕوودانی تاوانەکە دەکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو زانیاری و بەڵگەو وتەی شاهدحاڵ و هەر سەرچاوەیەك وەك بەڵگە بە کار بێت بۆ دەرخستنی راستی و بکەری تاوانەکە کۆ بکرێتەوە لە لایەن تیمی لێکۆڵینەوەی تاوان.

بۆیە لێرەدا ڕۆڵی لێکۆڵەرەوە ئەوەیە کە بە دوای هۆکارو پاڵنەری تاوانەکەدا بگەڕێت، هەروەها ڕۆڵی پزیشکی ئەوەیە بە دوای چۆنێتی ڕودان و رێرەوی ڕوداوەکەو دەرئەنجامەکەی دەربخات بەگوێرەی بەڵگەی پزیشکی و زانستی.

بۆ نموونە:
ئەگەر تاوانەکە تاوانی "کوشتن" بوو، ئەوا دوای تەواو کردنی هەموو رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە شانۆی تاوان پێویستە لاشەکە ڕاستەوخۆ ببرێت بۆ پزیشکی دادوەری و کاری توێکاری لاشەی بۆ بکرێت بۆ زانینی هۆکاری مردنەکە ، هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی بەڵگەی خوێن و موو، لینجی و نینۆك پەنجە مۆر .... هتد دەپشکێنرێت.
لێرەدا لێکۆڵەرەو و دادگا دەبێت پشت بە شارەزا "خەبیر" ی دادگا ببەستن کە پزیشکی دادوەریە بۆ سەلماندن و پشتڕاستکردنەوەی ئەو بەڵگانەی کە بە پێی پێوەری زانستی پزیشکی دادوەری راپۆرت پێشکەش بە دادگا دەکرێت.

لەکاتی دادگایی کردندا دەتوانرێت بە دوو شێواز دادگا ڕاوێژ بکات بە پزشکی دادوەری بۆ سەلماندن و پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەیەك کە بەم دوو جۆرە:

١- بانگهێشتی پزیشکی دادوەری ئەکات بۆ روونکردنەوەی حاڵەتەکە لە دادگا و پێشکەشکردنی بەڵگەی زانستی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو دەر ئەنجامەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە.

٢- یاخود دادگا داوای نوسراوێک دەکات بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە حاڵەتەکە هەتا بگاتە ئەنجامێکی راست و دروست و پشت ببەستێت بە بەڵگەی زانستی بۆ ئەوەی بڕیارێکی دادپەروەرانە لەسەر دۆسیەکە بدات.

هەربۆیە هەر چەندە کاری لێکۆڵەر لەگەڵ پزیشکی دادوەریدا دوو بواری جیاوازن بەڵام هەردووکیان تەواوکەری یەکترین بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستیەکان و چەسپاندنی دادپەروەری لە کۆمەڵگادا.