سیمپۆزمێک لە پێناو هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و توشبووانی شێرپەنجە

لەپێناو هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و خۆپارێزییان لە توشبوون و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی شێرپەنجە، سیمپۆزمێک لەلایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ڕێکخراوی "چارشا" بەڕێوەچوو.

لەپێناو هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و خۆپارێزییان لە توشبوون و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی شێرپەنجە، سیمپۆزمێک لەلایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ڕێکخراوی "چارشا" بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی بە هاوکاری سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ڕێکخراوی "چارشا" بۆ هۆشیاری هاوڵاتیان سیمپۆزیمێکی زانستی بە ناونیشانی "ڕۆڵی ناوەندە ئەکادیمی و تەندروستییەکان لە هۆشیارکردنەوەی توشبووانی شێرپەنجە" ئەنجامدا.

 

سیمپۆزمەکە بە وتەی هەریەک لە ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی دکتۆر محەمەد بابەکر، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە دکتۆر علی محەمەد هەروەها شەنگە عبدولڕحمان بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چارشا دەستیپێکرد.

 

دواتر لەلایەن چەندین دکتۆری شارەزا بەبەتی تایبەتەکانی وەک، شێرپەنجەی خوێن و تازەترین تەکنیکی زانستی بۆ چارەسەرکردنیان، چۆنیەتی خۆپاراستن لە توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ توشبووانی شێرپرنجە لە ڕووی سایکۆلۆجیەوە باسکرا.

 

دواتر دکتۆر ئیسرا کەمال، پسپۆڕی خۆراک و قەڵەوی و لاوازی جەستە، بابەتی پەیوەیندییە زانستییەکانی نێوان خۆراک و شێرپەنجەی ڕوونکردەوە و وتی: بەپێی داتا جیهانییەکان و ڕاپۆرتەکانی WHO، یەکەمین هۆکار کە زۆرترین خەڵک بە هۆیەوە گیان لەدەستدەدەن نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێنن، بەڵام لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا گیان لەدەستدانی هاوڵاتی بە شێرپەنجە دوو ئەوەندەی نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێنە.

 

"لە ٪٣٠ بۆ ٪٤٠ی هۆکاری شێرپەنجە بەستراوەتەوە بە شێوازی ژیانی ناتەندروستانەوە وەک خواردنی ناتەندروست، کێشانی جگەر و خواردنەوە کحولییەکان و ئەنجامنەدانی وەرزش کە دژەکەی ئەمانە دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی شێرپەنجە."

 

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا، هۆکاری ژینگەیی و بۆماوەی هەن بۆ توشبوون بە شێرپەنجە، کە مرۆڤ ناتوانێت ڕێگری لێبکات، بەڵام ڕێکخستنی خۆراک و ڕێگریکردن لە قەڵەوی توشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە، چونکە شێوازی ژیان کار دەکاتە سەر بۆماوەیی تاک، بە جۆرێک ١٣ جۆری شێرپەنجە پەیوەستکراوە بە قەڵەویەوە، وەک مەمک، مێشک، زراو، ڕیخۆڵە و مەعیدە و چەندینی دیکە.

 

ئامانجی سیمپۆزمەکە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە و بەرزکردنەوەی لایەنی دەروونیانە

شەنگە عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چارشا، باسی لەوەکرد، سیمپۆزمەکە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر نەخۆشی شێرپەنجەیە بە جۆرێک لایەنە جیاوازەکانی شێرپەنجەمان خستووەتە ڕوو چونکە چەندین هۆکار هەن بۆ توشبوون بەو نەخۆشییە لەگەڵ ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پاراستنی دەروونی توشبووانی شێرپەنجە لە ڕووی سایکۆلۆجیەوە.

 

شەنگە عەبدولڕەحمان باسی لەوەشکرد وەک ڕێکخراوەکەیان کار دەکەن لەسەر لایەنی پەروەردەیی، ژینگەیی و پزیشکی، ئامانجی ئەم سیمپۆزمەش هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە و بەرزکردنەوەی لایەنی دەروونی توشبووانە.

 

ت.پ