نەبوونی دەرمان، دۆخێکی سەختی بۆ چارەخوازان دروستکردووە

لە کلینیکی ڕاوێژکاری عەلی کەمال لە شاری سلێمانی دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان نەماوە و چارەخوازانی ڕووبەڕووی ئاستەنگ کردوەتەوە کە ناچار دەبن لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان لە دەرمانخانە تایبەتەکاندا بە نرخێکی گران دەرمان بکڕن.

سلێمانی

لە ڕۆژی ٢٧ تەمووز دکتۆر ئەفرام محەمەد حسێن پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە لێدوانێکی تایبەتی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە کلینیکی ڕاوێژکاری عەلی کەمال لە شاری سلێمانی دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان نەماوە و چارەخوازانی ڕووبەڕووی ئاستەنگ کردوەتەوە کە ناچار دەبن لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان لە دەرمانخانە تایبەتەکاندا بە نرخێکی گران دەرمان بکڕن کە بەشێکی زۆری هاوڵاتیان توانای کڕینیان نیە و لەگەڵ نەخۆشەکانیاندا بە چارەسەری دۆخێکی سەخت تێدەپەڕێنن.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕۆژی ٣١ تەمووز، ئاژانسی نوژنها لەگەڵ دکتۆر ئەفرام مەحمەد لە لێدوانێکی تەلەفونیدا قسەی کرد دەربارەی گرفتی نەمانی دەرمان لە کلینیکی ڕاوێژکاری عەلی کەمال و وتی: " تا ئەمڕۆ کە ٣١ مانگی تەمموزە دەرمانەکانی دژە خەمۆکی، وەسواسی، ترسی کۆمەڵایەتی، شیزۆفرینیا، گرفتی کەسێتی، دوو جەمسەری نەماوە و نەخۆشەکان ناچارن کە لە دەرمانخانە تایبەتەکاندا بە نرخێکی گران بیکڕن."

کلینیکی ڕاوێژکاری عەلی کەمال تەنها کلینیکە لە شاری سلێمانی کە دوو پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان ڕۆژانە تیایدا نەخۆش دەبینن، کە ڕۆژانە ٩٠-١٥٠ نەخۆشی دەروونی سەردانی ڕاوێژکارییەکە دەکەن.

دەربارەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی چارەسەری دکتۆر ئەفرام وتی: " بەو پۆستە کارگێڕییەی کە من هەمە و لە توانامدایە لەگەڵ بەرپرسی ڕاوێژکاری عەلی کەمال چەندین جار قسەم کردووە و پێی وتوین ڕاستە دەرمان نەماوە بەڵام لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی هەروەها لەگەڵ بەرپرسی نەخۆشییە دەروونییەکانیشدا قسەمان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە."

لە دیدی ئەو پزیشکە دەروونییەدا نەبوونی پلان لە بەڕێوەبەریی ئەم هەرێمەدا ئاستەنگی بۆ هەموو کایەکان دروستکردووە و بێ چارەسەر هێشتویەتییەوە چونکە وەک دەڵێت نەمانی دەرمان تازە نیە و لە ٢٦ مانگی ئەیلولەوە دەرمان کەمی کردووە، چونکە ئەو بودجەی حوکمەت بۆ کڕینی دەرمان دابینی کردووە زۆر کەمە و بەشی چەند ڕۆژێکی کەمی نەخۆشەکان ناکات: " چارەسەری نەبوونی دەرمان بە بودجە ئەکرێت کە لە سەرەتای ساڵی تازەوە دەبوو پلانی بۆ دابنرێت بەڵام بودجە نیە و هەر بۆیە بە سیستمێکی ڕێک و پێک مانگانە دەرمان دابین ناکرێت."

ئەو پزیشکە باسی لەوەش کرد لە کلینکە ڕاوێژکارییەکەدا دەرمانی زۆربەی بەشەکان کەمی کردووە، بەڵام دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان بە تەواوی نەماوە، و لە بەیانیەوە من ناچار دەبم کە چوومە کلینیکی ڕاوێژکاری بە نەخۆشەکانم بڵێم دەرمان نەماوە و بەڕێیان بکەم.