منداڵان حەزدەکەن ڕەفتاری ئاژەڵان دووبارە بکەنەوە

بەهۆی ئەوەی منداڵان بەردەوام لە ڕێگای شاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە ئاژەڵان دەبینن وەک پاڵەوان، یاخود لە ڕێگەی فیلم کارتۆن و خۆشەویستیان بۆ ئاژەڵ، ڕەفتاری ئاژەڵان دووبارە دەکەنەوە و خۆیان دەکەنە ئاژەڵ.

ناوەندی هەواڵ

 

لەنێو منداڵاندا باوە ئەو یارییانە دووبارە دەکەنەوە کە ڕۆژانە بەرکەوتنیان دەبێت لەگەڵیدا، بۆ نموونە مامۆستا و قوتابی، ماڵەباجێنە و هەر یارییەکی دیکە و لاسایی کردنەوەی ئاژەڵان کە ئەمە تا ڕادەیەک نامۆیە.

 

لاساییکردنەوەی ئاژەڵان لەلایەن منداڵانەوە ئاساییە ئەگەر وەک یاریکردنێک بێت و لە سنورێکی گونجاودا بێت، بەڵام ئەگەر سنوری تێپەڕاند و منداڵەکە نەیتوانی جیاوازی بکات لە نێوان ڕاستی و خەیاڵدا پێویستە بوەستێنرێت و منداڵەکە ببرێتە لای دەرووناس.

 

گۆڤاری ئینتەر بارونی فەرەنسی لە ڕاپۆرتێکیدا دەربارەی ئەو بابەتە دەڵێت: "هەڵبژاردەی منداڵان بۆ ڕۆڵگێڕانی ئاژەڵان بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بەوەی چۆن لە جیهانی دەرەوە تێگەیشتوون و چەند حەز لەو کەسایەتییانە دەکەن کە دەیبینن لە شاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە".

 

پەیوەندی منداڵان لەگەڵ کارەکتەرەکان

ئارەزووی منداڵ بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی دیکە و لاسای بکاتەوە لە ئەنجامی ئەو خۆشەویستییەی دایە کە بۆی هەیە، پێویستە دایک و باوکیش لە ڕێگای لاسایکردنەوەی منداڵەکانیانەوە سەرنج بدەن کە خولیای چیان هەیە و حەز بە چ جۆرە کەسایەتییەک دەکەن، بۆیە کاتێک دەرووناسێک ڕەفتاری منداڵێک دەبینێت کە لاسای ئەو کەسانە یاخود ئەو ئاژەڵانە دەکاتەوە کە حەزی پێیانە زیاتر دەتوانێت لە ڕەفتاری منداڵەکە تێبگات و بزانێت چ ڕەفتارێکی هەڵەیە.

بۆچی منداڵان ڕۆڵی ئاژەڵان دەگێڕن؟

ئاساییە منداڵان لاسای چەند کەسایەتییەک بکەنەوە جا ڕاستەقینە بێت یاخود خەیاڵی، بەڵام ڕەنگە سەیربێت منداڵ لاسای ئاژەڵ بکەنەوە وەک کارەکتەرێک، هۆکاری ئەم لاساییکردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی منداڵان لە تەمەنی زووەوە ئاژەڵێکی زۆر دەبینن لە ڕێگەی چیرۆک و وێنە و شاشەکانەوە.

 

وەک چۆن منداڵ لە سەرەتاوە وشەی دایک و باوک دەڵێت بەو شێوەیەش دەنگی ئاژەڵەکان دووبارە دەکاتەوە بە تایبەت پشیلە و سەگ چونکە بە ئاسانی دەردەبڕدرێن، هۆکاری دیکەش ئەوەیە زۆرێک لە بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکان کە تایبەتن بە منداڵان، ئاژەڵن وەک مرۆڤ قسە دەکەن، دەخۆن و دەخوێننەوە و دەبنە کارەکتەرێکی نمونەیی و پاڵەوان لە لای منداڵەکان، بۆیە ئاسای دەبێتەوە لای منداڵان کە وەک ئاژەڵان ڕەفتار بکەن.

 

سودەکانی ئەم لاساییکردنەوەیە چین ؟

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەدا منداڵان لە ڕێگای ئەو ڕافتارانەوە دەیانەوێت ئازادی وەربگرن، چونکە کاتێک منداڵێک کۆنتڕۆڵی هەڵسوکەوتی دەکرێت ئەو منداڵە ئازاد نابێت، بە دووبارەکردنەوەی ڕەفتاری ئاژەڵان ئەو هەستەی لا دروستدەبێت کە ئازادە، بۆ نمونە، کاتێک لاسایی سەگێک دەکاتەوە، پشیلە یان ورچێک، منداڵەکە باز دەدات، ڕادەکات و لەسەر زەویەکە دەوەستێت.

 

جگە لە خۆشی یاریکردن، لاسایی کردنەوەی ئاژەڵەکان سوودی دیکەی هەیە، لەوانە پەرەسەندنی زمانی جەستە و کارامەیی لە جۆڵاندنی بەشەکانی جەستە.

 

لە کۆتایدا گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەداوە، لاسایکردنەوەی منداڵان ڕەفتارێکی ئاساییە بەڵام تا ئەوکاتەی منداڵ وەک یاریکردنێک تەماشای بکات، ئەگەر لە سنور دەرچوو و نەیتوانی جیاوازی نێوان ڕاستی و خەیاڵ بکات پێویستە ببرێتە لای دەرووناس.

 

ت.پ