سروشت، دەرمانخانەی شیفابەخشی مرۆڤە

سروشت ئەو قوتابخانە بەربڵاوەیە کە مرۆڤ دەبێت خۆی بە قوتابی ئەو بزانێت، سروشت لە هەموو ڕوویەکەوە پێناسەی دایکی بۆ دەکرێت و بەو شێوەیە ناسراوە کە گرنگی بە مرۆڤایەتی دەدات و سەرچاوەی سەرەکی ژیانە.

ژیان عەلی

 سروشت، لە هەموو ڕوویەکەوە پێناسەی دایکی بۆ دەکرێت و بەو شێوەیە ناسراوە کە گرنگی بە مرۆڤایەتی دەدات و سەرچاوەی سەرەکی ژیانە، هاوکات ئەو ناوەندەیە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی سادە تێیدا دەژی، سوود لە سەرجەم ئەو پیکهاتانە وەردەگرێت کە سروشت بۆی دابین کردووە و ژینگە بە سووڕی ئاسایی خۆیدا دەڕوات لە پاراستن و ئاڵوگۆڕی سروشتیدا و بە شیکردنەوەی پاشماوەکان بۆ توخم و ماددە سەرەتاییەکان بەمەش جارێکی تر یەکەی بەرهەمهێنان سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دووبارە دروستکردنەوەی خۆراک.

 

لە لایەن شارەزایانەوە سرووشت بە جیهانێکی جیاواز پێناسە دەکرێت و باس لەوە دەکەن کاتێک سەیری ڕووەک و گیاکان دەکەیت، تێدەگەیت کە سروشت چەندە دەوڵەمەندە کە دەتوانیت لە ڕێگای گژ و گیاکانییەوه چارەسەری بۆ هەموو نەخۆشییەکان بدۆزیتەوە، ئەم چارەسەرییەش لە ئێستادا بە گیادەرمانی ناسراوە .

 

گیا دەرمانی یەکێکە لە بەرهەمەکانی ژن-دایک لە سەردەمی ژیانی سروشتی دا بە دوو زاراوە بەکاردێت لە دونیای چارەسەری سروشتی ئەویش پێکهاتووە لە دوو وشە گیادەرمان یان، رووەکی سروشتی کە لەسەرەتای مروڤایەتی تا ئەمرۆ وەکو چارەسەرێکی سروشتی بەکارھاتووە بۆ زۆربەی نەخوشییەکان، تەنانەت گیاندارانیش بەھەمان شێوەی مرۆڤ گیا دەرمانیان بەکارھێناوە بو چارەسەری زوربەی برین و نەخوشییەکانیان، لە ڕاستیدا بڕوا هێنان بە خاک و گیا و هێزی روواندنەوەی لەو سەردەمەدا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی کە ژیان واتایەکی جیاوازتر بگرێتە خۆی.

 

گژوگیا ئەگەر بە کورتی پێناسەی بۆ بکەین، لە کۆمەڵێک شت پێکدێت. بۆ نمونە تۆو، ڕەگ، قەد و گەڵا، تۆو وەکو زیرە، ڕازیانە، ڕەشکە، گەڵا وەکو نەعنا و پوونگە و جاترە، ڕەگ زەنجەبیل، خوولی جان و زەردەچەوە کە ئەمەش نیشاندەری ئەو دنیا سەیر و سەمەرەیە و ئەم گژ و گیایانەو بەچەندەها جۆری دیکە لە کوردستان دا هەیە.

 

نموونەی ئەو گیایانەی کە لە کوردستان دا هەیە و بەکاردەهێنرێن بۆ چارەسەر لە نەخۆشییەکاندا، گیای گەزنە چارسەری بەردی گورچیلە، چەوری خوێن، چەوری جگەر، گیای نارنج بۆ چارەسەری سەر ئێشە، ئالۆش یان حەساسیەت، قۆڵۆن، دل و گەدە بەهێز دەکات و بۆ بەهێز کردنی هزریش باشە و بە چەندەها جۆری دیکەی گیا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان بەکار دەهێندرێن، بەڵام بەکارهێنانی گیا پێویستە بەشێوەیەکی زانستی لە ژێر دەستی کەسانی پسپۆر و شارەزا بێت نەوەک بەشێوە نازانستی .

 

بەپێی وتەی شارەزایانی بواری تەندروستی هەندیک نەخۆشی لەچارەسەری کیمیایی دا چاری نیە تەنیا ئازارەکان کەم دەکاتەوە لەبەر ئەوەی بۆچوونی بۆ نییە کە هۆکارەکە چییە، بەڵام لە چارەسەری سروشتی یان ڕووەکناسی بۆچوون  یان گەڕان بەدوای هۆکاری نەخۆشییەکان دا هەیە و دواجار دروست کردنی چارەسەری، هەربەپێی وتەی ئەو شارەزایانە دەرمانە کیمیاوییەکان خانەی زیندوش دەکوژێت و دواجار بەرگری جەستەش لاواز دەبێت، یەکێک لە ئەو ڕێگایانەی کە چارەسەرییە بۆ نەخۆشییەکان بەهێز کردنی بەرگری لەشە بەمەش زاڵ دەبیت بەسەر نەخۆشییەکاندا.

 

هەر بەم هۆیەشەوە ماوەی ١٠ ساڵ دەبێت کە مرۆڤایەتی ڕووی کردووەتە چارەسەری سروشتی و ئیدی لە جیھاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەکارھێنانی گیادەرمان لە زیادبوونە.

 

 لە دواین ڕاپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی WHO ٨٠٪ دانیشتوانی جیھان گیادەرمان بەکاردەھێنن وولاتێکی وەک ئەمریکا ٢٥٪ و وولاتانی ئەورپا لە نێوان ٢٥ تا ٣٥٪ وە وولاتانی وەک چین و مالیزیا و کۆریا و یابان و سەنگاپور،  زیاتر لە ٩٠٪ وەلاتانی ئاسیا و ئەفریقیا ٨٠ تا ٩٠ بەکاریدەھێنن.

 

تا ئێستا سروشت ماهیەتی خۆی نیشانی مرۆڤ نەداوە بۆ تێگەیشتن لەم سڕە پێویستی بەگەڕانەوەی مرۆڤ بۆ سروشت هەیە واتە ئاشت بوونەوە لە گەڵ سروشت .