توڕەبوون دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی ڕەبۆ

نەخۆشی ڕەبۆ یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە چارەسەر ناکرێت، چەند هۆکارێک دەبنە هۆی ئەم نەخۆشیە، یەکێک لەو هۆکارانە توڕەبوونی زۆرە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەخۆشی ڕەبۆ، حاڵەتێکە کە بۆرییەکانی هەوا تەسک دەبنەوە، دەبێتە هۆی زەحمەتی لە هەناسەدان، کۆکە و دەنگی سینە لە کاتی هەناسەدان و هەناسە وەرگرتن، نەخۆشییەکە درێژخایەن و بێزارکەرە ناتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام دەتوانرێت نیشانەکانی کۆنترۆڵ بکرێت، ڕەبۆ پۆلێن دەکرێت بۆ سێ جۆر وەک، ڕەبۆی سادە، ڕەبۆی مامناوەند، ڕەبۆی قورس.

 

نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبۆ

نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبۆ لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت، هەندێکجار لە کاتی وەرزش کردندا دەردەکەوێت، لەوانەیە نیشانەکانی بەدرێژایی کات دەربکەوێت، گرنگترین نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبۆ وەک، تەنگەنەفەسی، هەستکردن بە ئازار لە سینگدا، دەنگی سینە لە کاتی هەناسەداندا بەتایبەتی لە منداڵدا، ئاستەنگی خەوتن بە هۆی کۆکە و تەنگە نەفەسی و هەناسەدانەوە، زەحمەتی لە کاتی هەناسەدان و خواردن و خەوتن.

 

چەند نیشانەیەکی تر دەریدەخەن کە نەخۆشی ڕەبۆ بەرەو دۆخێکی خراپتر دەڕوات وەک، زیادبوونی ئاستەنگی لە هەناسەدان، نیشانەکانی ڕەبۆ زیاتر و بێزارکەر دەبن، پێویستی بۆ بەکارهێنانی ئامێری ئۆکسجین بە هۆی زیادبوونی تەنگەنەفەسیەوە، تووشبوون بە تەنگەنەفەسی زۆر لە کاتی وەرزشکردندا.

 

هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی ڕەبۆ

چەند هۆکارێک هەن وادەکات مرۆڤ تووشی نەخۆشی ڕەبۆ ببێت وەک، هەوکردنی سییەکان و سیستەمی هەناسەدان، ئەو شتانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا وەک دوکەڵ، چالاکییە جەستەیەکان، هەوای سارد، بەکارهێنانی هەندێک دەرمان وەک بێتا ئەسپرین و دژە هەوکردنەکان، دوودڵی و توڕەبوونی زۆر، ئەو خواردن و خواردنەوانەی ماددەی پارێزەریان زۆر تێدایە، نەخۆشی ڕشانەوەی گەدە کە تێیدا ترشی گەدە دەگەڕێتەوە ناو گەروو.

 

هەندێک هۆکاری تر هەن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ڕەبۆ زیاتر دەکەن وەک، تووشبوون لە ڕێگەی خوێن و بۆماوەییەوە، زیادبوونی کێشی لەش، جگەرە کێشان، بەرکەوتن بە شوێنی پیس، بەرکەوتن بە ماددە کیمیایەکان کە بۆ کشتوکاڵ و هەندێک کاری دیکە بەکاردێت.

 

چارەسەری نەخۆشی ڕەبۆ

نەخۆشی ڕەبۆ بە بەکارهێنانی ئامێری هەڵمژین چارەسەر دەکرێت، کە ئامێرێکی بچووکە ڕێگە دەدات دەرمانەکان هەڵمژیت، وەک ئامێری هەڵمژینی خێرا بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە خێراکانی ڕەبۆ بە شێوەیەکی کاتی، ئامێری هەڵمژینی پارێزەر بەکاردێت بە شێوەیەکی ڕۆژانە بۆ خۆپاراستن لە نیشانەکانی ڕەبۆ، هەندێک نەخۆشیش حەبی تایبەتمەند بەکاردێنن وەک چارەسەری.