تابلۆی ئەمڕۆ: ژنێک لای پەنجەرەکە

تابلۆی "ژنێک لای پەنجەرەکە" لەلایەن هونەرمەندی شێوەکار نادیە ئاوسی کێشراوە، نادیە لە ئەکادیمیای هونەر لە زانکۆی بەغدا گرافیک دیزاینی خوێندووە و دواتر لە بەریتانیا خوێندنەکەی تەواو دەکات، لە ساڵی ١٩٩٥ بڕوانامەی ڕێزلێنان بەدەستدەهێنێت.

 

لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕووی لە ئەمریکا کردووە، لە تابلۆکانیدا تیشکی خستووەتە سەر وێناکردنی ژیانی ڕۆژانەی گەڕەکە کۆنەکانی بەغدا، بەڵام کێشانی کاراکتەری ناو وێنەکانی زیاتر سەرنجی ڕادەکێشێت، هەر ئەمەش بووەتە نیشانەی جیاکەرەوەی تابلۆکانی.

 

تابلۆی "ژنێک لای پەنجەرەکە" یەکێکە لە جوانترین وێنەکان کە لە ساڵی ٢٠١٨دا کێشراوە، تیایدا دیمەنێکی سادەی ژیانی ژنێکی عێراقی لە بەیانییەکی بێدەنگدا وێنا دەکات.

 

تابلۆکە لە نێوان دوو دیمەندا دابەشکراوە، دیمەنی یەکەمی ناو ژوورەکە پەردەی پشت پەنجەرەکە و دارێکی بچووکی ژێر پەنجەرەکە پیشان دەدات، دیمەنی دووەمیش شارە دوورەکەی پشت ڕووبارەکە پیشان دەدات، کە پێدەچێت ئەو شوێنە جیا بکاتەوە کە ژنەکە تێیدا دەژی و شارەکە لەبەردەمیدایە، هەروەها چەند گوڵێکی پەمەیی لە پشت پەنجەرەکەوە هەیە کە سەیری جوانی ئەو ژنە دەکەن کە لەبەردەمیدا دانیشتووە.