ڕۆزا، ژنێک لە پەنابەرییەوە بۆ پەرلەمانتاری

ڕۆزا ساڵح، ژنێکی کوردە و کاندیدی ژمارە یەکە لە گەورەترین پارتی سیاسی سکۆتلەندا، دەڵێت قسەکانی پەرلەمانتار لەو وڵاتەدا کاریگەری هەیە، وەک کوردستانیش پەرلەمانتار موچە و پاسەوانی نییە، دەشڵێت "ئەگەر ببمە پەرلەمانتار دەتوانم باشتر خزمەت بکەم و دەنگی کوردەکان بگەیەنم".

 

تەرزە تەها

ناوەندی هەواڵ- ڕۆزا ساڵح، تەمەنی ٣٢ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٠١ لە هەرێمی کوردستانەوە وەک پەنابەر چووەتە وڵاتی بەڕیتانیا، لە کاتێکدا تەمەنی ١٥ ساڵ بووە، کەمپەینێکی لەگەڵ چەند ژنێکی دیکەی گەنجدا بۆ پارێزگاری لە مافی ئاوارە و پەنابەرەکان ڕێکخستووە، تا منداڵانی پەنابەر نەکرێنە زیندانەکانەوە و دواتر بەبێ دایک و باوکیان بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، ئەمەش بووە هۆی ناساندی ڕۆزا و هاوڕێکانی، لە ئێستاشدا بە کچەکانی گڵاسگۆ بەناوبانگن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین چالاکی بۆ پشتیوانیکرد لە عەفرین و کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخستووە و بەشدار بووە تێیدا، لەو ڕێگەیەوە کوردی دیکەی شاری گلاسکۆی ناسیوە و پەیوەندی باشە لەگەڵیاندا.

 

گڵاسگۆ یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی سکۆتلاندا، لە وڵاتی بەڕیتانیا، پارتی نیشتیمانی گڵاسگۆ- SNP یەکەمین پارتی ئەو هەرێمەیە و سێیەمین پارتی هەموو وڵاتی بەڕیتانیایە، ڕۆزاش لە شاری گڵاسگۆ کاندیدی ژمارە یەکە بۆ پەرلەمانتاری لەو شارەدا، کە یەکەم ژنە خەڵکی ئەو وڵاتە نەبووبێت و کاندیدبێت بۆ پەرلەمان.

 

ڕۆزا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ژنهادا ڕایگەیاند، لە پەرلەمانی هەرێمی سکۆتلاندا پەرلەمانتارەکان گوێ لەیەکتری دەگرن، ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی لە پەرلەمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لە پەرلەمانی سکۆتلەندا نییە، قسەی پەرلەمانتارەکان جێی بایەخ و هەڵوێستە لەسەرکردنە.

 

"پەرلەمانتار وەک کوردستان موچە و پاسەوانی نییە"

هەروەها هیچ جیاکارییەکی ڕەگەزی نییە، پەرلەمانتار دەبێت کار بکات، سەرباری ئەوەی کە مووچەکەی هێندە مووچەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نییە و پاسەوانی تایبەتی نییە، ئەگەریش بۆ بەدواداچوونێک پەرلەمانتارێک بچێتە شوێنێک، ئەوا تەنها پارەی ڕێگاکەی پێدەدرێتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی لەوە دەکۆڵنەوە ئاخۆ ئەو پەرلەمانتارە چووە بۆ کوێ و لە کوێ بووە.

 

رۆزا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە سکۆتلەندا گرنگ ئەوەیە چ کارێک دەکەیت و هەڵوێستت چییە، ئەگەر کاری باش نەکەیت ئەوان بۆ خولی دواتر هەڵنابژێردرێیتەوە بۆ پەرلەمانتاری، لەبەر ئەوەی پەرلەمانتار لە پەرلەمانی سکۆتلاندا ڕێزی هەیە و گوێی لێدەگیرێت.

 

"کارکردن لەسەر پەنابەری یەکێکە لە پرۆژەکانم"

ڕۆزا، ئەوەش ناشرێتەوە لە شاری گڵاسگۆ کوردی زۆری لێ نییە، ئەوانەش کە لەوێ نیشتەجێن زۆر دوورن لە یەکتری، لەبەر ئەوەی خۆی پەنابەر بووە، زۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکێک لە پڕۆژەکانی کارکردنە لەسەر کەیسی پەنابەری.

 

هەروەها یەکێکی دیکە لە پڕۆژەکانی ڕۆزا و پارتە سیاسییەکەی کارکردنە بۆ کرێکاران و سەندیکای کرێکاران، چونکە ڕۆزا پێشتر خۆی لەو سەندیکایەدا کاری کردووە، وتیشی "دەمەوێت کار بۆ ژنان و ئەو کەسانەی پەنابەرن بکەم تا کاری یاساییان دەستبکەوێت و تێکەڵ بە کۆمەڵگای ئەم وڵاتە ببن، دەشمانەوێت ژنان زیاتر پێشبخەین لە بواری کارکردندا".

 

لە ڕۆژی ٦ی ئایاری ئەم ساڵدا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی گلاسکۆ ئەنجام دەدرێت، ڕۆزاش هیواکانی لەسەر ئەو ڕۆژە بۆ بوون بە ئەندام پەرلەمان هەڵچنیووە، دەخوازێت دوای بوون بە پەرلەمانتار، ماڵێک بۆ کوردەکان دروستبکرێت، کە هەموو کوردەکان بەیەکەوە لەو شارە ببەستێتەوە و یەکتر بناسن، دەشڵێت "ئەگەر ببمە پەرلەمانتار دەتوانم باشتر خزمەت بکەم و دەنگی کوردەکان بگەیەنم".

 

ت.پ