لە کۆبوونەوەکەی شارەوانی ئۆسلۆدا بڕیاری مانەوەی تابلۆی یەپەژە درا و پشتیوانی لە کوردان کرا

لە کۆبونەوەی مانگانەی شارەوانی ئۆسلۆدا، ئەنجومەنی شارەوانی بە تێکڕای دەنگ بریاریدا تابلۆی شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە ئەو بڕیارەی شارەوانی ئۆسڵۆ وێڕای سکاڵا و هەوڵی زۆری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، باڵیۆزی تورکیا لەم وڵاتە و گرووپە فاشیستە تورکەکان بوو.

لە کۆبونەوەی مانگانەی شارەوانی ئۆسلۆدا، ئەنجومەنی شارەوانی بە تێکڕای دەنگ بریاریدا تابلۆی شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە ئەو بڕیارەی شارەوانی ئۆسڵۆ وێڕای سکاڵا و هەوڵی زۆری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، باڵیۆزی تورکیا لەم وڵاتە  و گرووپە فاشیستە تورکەکان بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

تابلۆی هونەری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا کە بە وێنەی شەڕڤانانی یەپەژە و وتەی ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان "تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت"ی لەسەر نەخێشنراوە، لە شەقامێکی ئۆسڵۆ لە نزیک پارلەمان و شارەوانی ئۆسڵۆدا هەڵواسراوە .

هەبوونی ئەم تابلۆیە ناڕەزایەتی زۆری لە لای تورکەکان دروستکردووە، بە فەرمی باڵوێزی تورکیا لە ئۆسلۆ لە وڵاتی نەرویج، نامەی سکاڵای بۆ ٥٩ ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی ئۆسڵۆ ناردووە و تییدا داوای کردبوو ئەو تابڵۆیە لاببرێت.

 

سەرەڕای زەخت و گوشاری ڕەوەندی تورکی لە نەرویج، نوینەرایەتی شارەوانی ئۆسلۆ ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی شوباتی ٢٠٢١ لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیاندا، ئەندامانی شارەوانی ئۆسڵۆ بەکۆی دەنگی هەموویان بڕیاری مانەوەی تابڵۆکەیان لەسەر دیواری شەقامی ئۆسلۆ دا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ئەنجومەن پشتیوانی خۆیان بۆ کورد دەربڕی

ئەیڤۆر ئێوەندسروود بەرپرسی کۆمیتەی پەروەردە و کلتوور لەسەر ناوی کۆمیتەکەی بابەتێکی بە زمانی ئێنگلیزی پێشکەش کرد، تێیدا ئاماژە بە گرنگی ڕادەربڕین و دیموکراسی لە ولاتەکەدا کرد و داوای لە تورکیا کرد کە ئەوانیش ئەو رێچکەیە پەیرەو بکەن و بەرەو دیموکراسی بوون هەنگاو بنێن.

ئەیڤۆر ئێوەندسروود ماوەی دوومانگە لە لایەن تورکە فاشیستەکانەوە هێرشێکی بەرفراوانی دەکرێتە سەر و هەڕەشەی سەربڕینیشی لێکراوە، ئەو بەرپرسەی کۆمیتەی پەروەردە، سکاڵای لەسەر هێرشبەران لە لای پۆلیسی وڵاتەکەی تۆمار کردووە.

 

بیەرک ‌هالستەین: دەستهەڵگرن لە توندوتیژی دژ بە چالاکوانان

بیەرک ‌هالستەین نوێنەری پارتی چەپ و جێگری بەپرسی کۆمیتەی پەروەردە و کلتوور، لە وتارێکیدا وتی مادام ئێستا تورکیا خۆی لەم بابەتەدا وەردەدات، پێویستە بڵێین نەرویج وڵاتێکە کە ئازادی ڕادەربڕینی تێدا پەیرەو دەکرێت، ئێمە لێرەوە بانگەوازی لە ئەردۆغان دەکەین لە تورکیادا مافی مرۆڤ پێشێل نەکات، هەروەها داوا دەکەم ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی هەڵبژاردنی ئازاد پەیڕەو بکەن و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا فێڵ نەکەن، دادگاکانی ئەو وڵاتە بە بێلایەنی سیاسی  بەڕێوە بچن.

ئەو نوێنەرەی پارتی چەپ ئاماژەشی بەوەدا پێویستە تورکیا دەست هەڵبگرێت لە گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن و ئەو ١١٩ ڕۆژنامەوانانەی ناویان لای مافی مرۆڤ تۆمار کراوە، بە تایبەت نووسەر و ڕۆژنامەوان  ئەحمەد ئاڵتان کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیندانیکراوە دەبێت ئازاد بکرێن.

لە درێژەی وتارەکەیدا بیەرک وتی ئەو ١٥ چالاکوانەی ئاشتی کە دەستپێشخەری خۆپیشاندانەکانی گێسی پارکینی ٢٠١٣ بوون ئازاد بکرێن، هەروەها ئەوەشی وت: "داوا دەکەین دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگا بدەن کە هاوڵاتی خۆپیشاندان بکەن و دەست لە گازی فرمێسک ڕشتن لە بۆنەکانی هەشتی مارس هەڵگرن وەک ئەوەی ٢٠١٩، تورکیا دەبێت دەست هەڵگرێت لە گوشار بۆ سەر خۆپیشاندانی کرێکاران، سانسۆرکردنی ئینتەرنێت و سزادانی خەڵک بەهۆی ڕادەربڕین لە سۆسیال میدیا هەڵگرن.

لە کۆتاییدا بیەرک هالستەین وتی پەیاممان  بۆ هەموو ئەو قارەمانانەی بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیا تێدەکۆشن، هەموو ئەوانەی دژ بە دەسەڵاتی تاکڕەوی ئەردۆغان تێکۆشان دەکەن پێویستە ئەوە بزانن کە ئێمە لە هەموو گۆشە و کەناری دونیا پشتگیری لەو تێکۆشانە قارەمانانەتان دەکەین. 

 

ئێسپەن ئاندرێ ئەندامی پارتی مەسیحیەکان لە پێشکەشکردنەوەی خۆیدا داوای ئازادی رێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی تورکیای کرد.

 

كامسی گونارئاکتام: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەم

 لە بەردەوامی گوتارەکاندا جێگری شارەوانی ئۆسلۆ، كامسی گونارئاکتام پشتیوانی خۆی بۆ کوردان دووپات کردەوە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەدا لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا هەندێک لە بەهاکانی گەردوونی لە ژێر گوشار دان، بۆ نمونە ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی هونەر و یەکسانی و یەکسانی ڕەگەزی، ئەوانە هەمووی بەهای گەردوونین کە لە هەموو جیهاندا ئێستا هەوڵ دەدرێت لە لایەن هەندێک هێزی پاشڤەڕۆ سانسۆر بکرێن یان ئاستەنگ بکرێن.

 

ئانا هۆویت: ئازادی ڕادەربڕین مەرجی سیستەمێکی دیموکراتیکی سەرکەوتوو و ئاشتیانەیە

ئەندامێکی شارەوانی سەر بە حیزبی ڕاست بە ناوی ئاننا هۆویت ریک وتی: ئۆسڵۆ شاری خەڵاتی ئاشتی نۆبڵە، خەڵک لە هەموو جیهان ئۆسڵۆ بە ئاشتییەوە گرێ دەدەن، ئازادی ڕادەربڕین مەرجی سیستەمێکی دیموکراتیکی سەرکەوتوو و ئاشتیانەیە و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ وەک ئازادی ڕێکخستن و باوەڕی پێویستیان بە ئازادی ڕادەربڕین هەیە، ئازادی ڕادەربڕین کاتێک لە سۆسیال میدیا، ڕۆژنامەکان، هونەر و نیگارکێشاندا دەردەبڕدرێت لەوانەیە بۆ هەندێک کەس جێگەی پەسند نەبێت و ئارەزوو بکەن کە ئازادی ڕادەربڕین نەبوایە.

هونەرمەند و ئازادییەکانیان لە زۆر شوێنی جیهاندا لە ژێر گوشاردان، ئێمە ڕازی نابین هونەرمەند و نیگارکێش لە لایەن ئەو سیاسەتمەدارانەوە لە ژێر گوشار دابن کە وێنە و پەیام و فۆرمی هونەرەکەیان بەدڵ نەبێت، هەروەها ئەو شاکارە هونەرییەی کە بۆتە جێگەی کاردانەوەی هەندێک کەس، خودی تابڵۆکە نییە کە حەساسیەتی درووست کردووە بەڵکوو ئەو ناوەیە کە لەسەری نوسراوە.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بە تێکڕای ٥٩ دەنگ بڕیاردرا خواستی تورکەکان جێبەجێ نەکرێت و شەقامەکەی ئۆسلۆ بە تابلۆی هونەرمەندی کورد گەلاوێژ وەلیدخانی هەروا بە ڕازاوەیی بمینێتەوە.

 

ت.پ