منداڵان و ژنانی ناو چاکسازیەکان لە بارێکی ناجێگیری دەروونیدان

بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "منداڵانی ناو چاکسازیەکان لە ژێر بارێکی ناجێگیری دەروونیدان، هەروەها دایک هەیە ناتوانێت شیر و پێداویستی بۆ منداڵەکەی دابین بکات".

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- سەدان ژن لە چاکسازیەکانی ژنانی هەرێمی کوردستاندان و بەشێکی زۆریان سەڕەڕای بە ناهەق سزادانیان، لەژێر بارێکی دەروونی سەختدان و ئەو دایکانەی منداڵیشیان لەگەڵدایە بێ مافن و بەهۆی لێکترازانی خێزانەکانەوە بێ ئیرادە بوون، هەندێکیان بەهۆی دابین نەکردنی بژێوی و پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە و پێویستیان بە هاوکاریییە.

 

بەدریە ئیسماعیل، پەرلەمانتار و بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لیژنەکەی چەندین سەردانی هەبووە بۆ چاکسازیەکان، بۆ ئاژانسی نوژنها قسە دەکات و بارودۆخی ژنان و منداڵان لەناو چاکسازییەکان دەخاتەڕوو.

 

"هەرکەسێک دەبێت بە ئەندازەی تاوانەکەی سزا بدرێت، بەڵام..."

بەدریە ئیسماعیل، دەربارەی چاکسازییەکان و قەرەباڵغییان وتی: بەپێ یاسای لێبوردنی گشتی دەبێت چوار ساڵ جارێک لیبوردن دەربکرێت، بەداخەوە بۆ پێنج ساڵ بڕیار دەرنەچووە، ساڵی ٢٠١٧ کە لێبوردن دەرکرا کەمترین سزادراو سوودمەند بوون لەبەرئەوەی مەرجی زۆری تیدابوو، کاتێک کەسێک سزا دەدەیت بۆ ئەوەیە چاکسازی بکرێت، بەڵام هەندێک سزا هەیە کە ٢٧ ساڵ زیاتر ماوەتەوە و سزای لەسێدارەدانە، تا ئێستا ٤٠١ کەس سزای لەسێدارەدانی هەیە کەلە سێ چاکسازییەکە دان و ژنانیشی تێدایە، بەڵام هیچی نە یاساکەی لەسەر جێبەجی دەکرێت نە سزاکەی بۆ دەکرێت بە تا هەتایی".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو کە هەندێک ماددە کە سزادراوی لەسەرە زۆر ئاسانن، بۆ نمونە بەشداری لە کۆمەڵێک گروپ و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان چالاکی لەو تۆڕانەدا پێنج ساڵ سزای لەسەرە، ئەمە وایکردووە خێزانەکەی هەڵوەشێتەوە و منداڵەکانی پەرتەوازە بوون و لەسەر شەقامن، وتیشی: "هەندێک سزا هەیە لە ئاست سزادانی ئەو کەسەدا نییە، دەبێت هەرکەسێک بە ئەندازەی تاوانەکەی سزا بدرێت، بەڵام بەداخەوە بەرامبەر نووسینی کۆمێنتێک پێنج ساڵ سزا هەیە".

 

"هەموو سزادراوێک پێویستە ئازادکردنی بە مەرج بیگرێتەوە"

بەدریە ئیسماعیل دەشڵێت: "کاتێک یەکێک سزا دەدرێت، چاکساز دەبێت و نیوەی سزاکەی تەواو دەبێت، پێویستە کە حکومەت و ئەنجومەنی دادوەریش مەرجێک بۆ ئازادکردنی ئەو کەسە دابنێن، بەپێی پەیڕەوی دادگایکردنی تاوانەکان، ماددەی ٣٣١ هەموو سزادراوێک پێویستە ئازادکردنی بە مەرج بیگرێتەوە ئەگەر بەشێکی سزاکەی مابێت لە دەرەوە تەواوی بکات، بەڵام بەداخەوە ئەو مافە یاساییەی کە هەر بەو یاسایە سزادراوە لێی زەوتکراوە".

 

"سزادراو هەیە داهاتی نییە و منداڵان بوونەتە قوربانی"

بەدریە ئاماژەی بەوەکرد کە سزادراو هەیە خەریکی جل شۆردن و خواردن ئامادەکردنە بۆ هاوڕێکەی لە زینداندا تەنها لەبەرئەوەی داهات و بژێوی ژیانی نییە و زەخت نەخاتە سەر ماڵەوەیان بۆ دابینکردنی خواردن و پیداویستیەکانی خۆی لە زینداندا، "ناخۆشتر لەوە سزادراو هەیە کەسوکاری لە کەلارە هەیە لە دەربەندیخان و دهۆک و شوێنە جیاوازەکانە، ئەمە بارگرانیەکی زۆر قورسی دارایی دروستکردووە، هەر ئەمە وایکردووە زۆر لە خێزانەکان هەڵبووەشێنەوە، منداڵەکان لەم نێوەندەدا بوونەتە قوربانی، بەمەش ڕیژەی تاوان بەرز دەبێتەوە بۆ نمونە منداڵێک بێ دایک و باوک و سەرپەرشت دەبێت لەسەر شەقام دەژی، کەواتە دەبێتە منداڵێک کە چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت تاوان ئەنجامبدات".

 

منداڵان لە هەر سێ چاکسازییەکەی هەرێمدا هەن

بەدریە ئیسماعیل وتیشی: "منداڵ لە هەرسێ چاکسازییەکەی ژنان و منداڵاندا هەیە، بەداخەوە کاتێک سەیری بارودۆخی منداڵێک دەکەیت لە کونجێکی زینداندا لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی جیاوازدا کە هەریەکە و جۆرە تاوانێک و سزایەکی هەیە، هەڵچوونی تێدایە و بەریەککەوتن و شەڕی تیدایە، بارێکی ناجێگیری دەروونی لەسەر ئەم منداڵانە هەیە، منداڵێک لە ژینگەیەکی ناجێگیری زیندانێک گەورە ببێت و گۆش بکرێت دەبێت چ کاردانەوەیەک لە ڕووی پەروەردەیی و دەروونیەوە دروستبکات، بۆیە کە سەیری ئەو منداڵە دەکەیت هەست بە تێکشکانی دەکەیت، ئەیدوێنیت سەر کز دەکات خۆی قەتیس دەکات و گۆشەگیر دەبێت".

 

وەک ئەو بڕیاردەرەی لیژنەی مافی مرۆڤە باسی لێوەدەکات منداڵانی زیندان لە هەموو مافەکانیان بێبەشن و کەلوپەلی یاری و شوێنێکیان نییە بۆ هەوای پاک، جلیان نییە و دایک هەیە نیتوانیوە پێداویستی زۆر سەرەکی وەک شیر و دایبی بۆ منداڵەکەی دابین بکات.

 

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد کە کاریان کردووە تا لێبوردنی گشتی دەربکرێت و بەپێی مەرج زۆرترین ژن بگرێتەوە.

 

ت.پ