ژنە ڕۆژنامەنوسێکی ئێرانی لە ئەمریکا: ئیتلاعات هەوڵی رفاندنم دەدات

ژنە ڕۆژنامەنوسێکی ئێرانی لە ئەمریکا ئاشکرایدەکات، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا ئاگاداریان کردووەتەوە کە ئێران بەنیازە بیڕفێنێت، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش بەو هۆیەوە ٧ کەسی خستە لیستی تۆمەتبارانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

مەسیح عەلی نەژاد رۆژنامەنوس و چالاکوانی ئێرانی نیشتەجێی نیویۆرکی ئەمریکا دەڵێت: "پێش ٨ مانگ ئێف بی ئای پێیانوتم دەزگای هەواڵگریی ئێران "ئیتلاعات" کەسێكی ناردووە بۆ ئەوەی بەدواتەوە بێت و دواتر بتڕفێنێت، کۆمەڵێک وێنەشم پێشاندرا دەرکەوت ئێران زۆر لێم نزیک بووەتەوە و هەوڵی رفاندم دەدات".

 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرایکرد، ئیتلاعاتی ئێران پلانی داڕشتبوو بۆ رفاندنی کچە رۆژنامەنووسێكی ئێرانی نیشتەجێی ئەمریکا، بەو هۆیەوە دادگایەکی نیویۆرک ٧ ئێرانی کە یەکێکیان نیشتەجێی ویلایەتی کالیفۆرنیایە، خستە لیستی تۆمەتبارانەوە کە پلانیان بۆ رفاندنەکە داڕشتبوو.

 

مەسیح عەلی نەژاد کە دوو ساڵە ڕەگەزنامەی ئەمریکای وەرگرتووە و یەکێکە لەو ژنە چالاکوانەی لە دەزگا ناڕازییەکانی دەرەوەی ئێران کار دەکات، ئەو لە ساڵی ٢٠١٥وە لە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا کار دەکات، خۆی دەڵێت تەنیا کاری رۆژنامەوانی دەکات و دەنگی نەبیستراوی ئێرانییەکان دەگەیێنێت.

 

ئەو ژنە رۆژنامەنوسە دەڵێت: "وازناهێنم دەنگی ئەو دایکانە دەبم رۆڵەکانیان لە ئێران دەکوژرێن و لە زیندان تاوەکو مردن ئەشکەنجە دەدرێن، من دەنگی ئەو ژنانە دەگەیێنم کە دەڵێن نەخێر بۆ حیجابی ناچاری، دەیانەوێت خۆیان بن، ئێمە دەڵێین نەخێر بۆ کۆماری ئیسلامی، دەڵێین نەخێر بۆ دیکتاتۆری ئاینی، نەخێر بۆ جیاکاری، باشە ئەوە منتان دەستگیرکرد، ئەوان بێدەنگ دەکەن، نەخێر ناتوانن، بۆیە منیش وازناهێنم".