داوای ئازادیی

شنا فایەق – ڕۆژنامەنووس

ماوەی دوو ساڵە داوای ئازادیی بۆ زیندانیانی بادینان دەکەین، بەڵام لە بنەمادا، ئەوان لەبەر ئەوەی خاوەن فکر و کەسایەتیی ئازادن زیندانیی کراون، کەواتە ئێمە داوای ئازادیی جەستەیی هاوڕێکانمان دەکەین.

 

ئازادیی لە ناخی ئینساندایە، پەیوەندیی بە شوێن و جەستەوە نییە، دەستگیرکراوانی بادینان لەناو زیندانەکانی پەدەکەدا بن یان هەر شوێنێکی دیکە، ئینسانی ئازادن و هەرگیز دەسەڵات مافی ئەوەی نییە خۆی بکات بە خاوەنی ئازادیی و پێیان ببەخشێ.

 

ئازادیی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتیی لە بەرامبەر گەل، خاک، ئینسانیەت، ویژدان و ئەخلاق و هتد..، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیش ڕەنج و تێکۆشانی دەوێت، هاوڕێکانمان بێ سڵەمینەوە لە هەڕەشە و گوشارەکان، ئەو بەرپرسیارێتییەیان هەڵگرت و بە ئازادیی گەیشتن، لەناو زیندانیشدا بەو بەرخۆدانییەی دەیکەن، زیاتر واتای ئازادییمان بۆ ڕوون دەکەنەوە.

 

پێویستە پەدەکە لەوە تێبگات، ئەگەر هەموو هێزی خۆی بەکاربێنێ بۆ دیلکردنی کەسێکی ئازاد، ناتوانێت ئیرادەی ئازادیی ئەو کەسە تێکبشکێنێت و فکری ئازاد لەبەرامبەر زوڵم و ستەمدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات.

 

ئینسانی ئازاد ژیانی سەپێندراو قبوڵ ناکات و هەمیشە لە لێگەڕیندایە بۆ دۆزینەوەی ئەو ژیانەی خۆی دەیەوێت و پێویستە بژی، شەڕیش بۆ بەدەستهێنانی دەکات، ئەوانەشی ڕادەستی خواستی دەسەڵات بوون، ئەگەرچی لە ڕووکەشدا وا دیاربێت ئازادن، بەڵام لە بنەڕەتدا تەنیا کۆیلەیەکن و خەریکی ستایشکردنی خاوەنەکانیانن.