مردنی ڕاستەقینە

ڤینۆس فایەق- نووسەر

 

کە بوومەلەرزە لە جێگەیەک دەدات، ئاسان ژمارەی گیان لەدەستدراوان دەزانرێت، بەڵام زۆر سەختە ڕادەی ئازارەکان بزانیت، چونکە شوێنەوارە دەروونییەکانی لە ئاکامی گیان لەدەستدانەکان زۆر لەوە گەورەتر و وێرانکەرترن، هەرگیز هەست بەو ئازارەش ناکەیت تەنها کە زەوی لەژێر پێتا بلەرزێت، کاتێک ئەو جوگرافیایەی لێی دەژیت لەسەر هێڵی زەمینلەرزە بێت،  هەر بۆیە کە موسیبەتێک ڕوو دەکاتە جێگەیەک، بەتایبەت رووداوێکی سروشتی وەکو بوومەلەرزە، لافاو و زۆر کارەساتی تری سروشتی، ئیتر لەبەردەم گیان لەدەستدانی هەزاران کەسی بێتاواندا، بە منداڵ و ژن و بە تەمەنەکان و کەمئەندام و ئەوانەشی بەو بەیانییە زووە لەسەر بەرماڵ بوون جێگە بۆ هیچ ڕق و کینەیەک نامێنێتەوە، ئەوەی روویداوە بەرگەی هیچ تەفسیر و لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەیەکی دەرەوەی بازنە ئینسانییەکە ناگرێت. 
 

تەنانەت ئێمە وەکو میللەتێکی زوڵملێکراو لەسەر دەستی ڕژێمێکی وەکو تورکیا یان عێراق یان سوریا، ناکرێت بڵێین ئەوانە عەرەب یان تورکن شایستەی ئەو جۆرە مردنەن، چجای ئەگەر زۆرینەی قوربانییەکانی کارەساتێکی لەوجۆرە لە میللەتی خۆمان بن، لەجیاتی ئەوەی لانیکەمی هەستی ئینسانییەتمان بۆیان بوروژێت، بەدیار ئەو وێنە جەرگبڕانەوە دانیشین و بڵێین "زەوی لەژێر پێی قەومێکا نالەرزێت تەنیا لەبەر زۆری تاوانەکانیان"، یان بڵێین: "بوومەلەرزە لەهەر شوێنێک بدات، ئەوە زینا لەو شوێنە زۆرە". ئەم جۆرە وتارانە ڕاچڵەکێنەرن، ئینسانییەت دەخەنە ژێر پرسیارێکی گەورەوە. 
 

زۆر خەتەرناکە هەموو شتێک بە لۆژیکی ڕەش و سپی بپێوی و ئەوەندە متمانەت تەنها بە بیرکردنەوەی خۆت هەبێت و بەشێوەیەکی ڕەها ڕایەکی لەوجۆرە ڕابگەیەنیت، ئاخر لەوەتەی مرۆڤایەتی هەیە تاوان و زینا و خراپەکاری هەیە، بەڵام ئەوە ئێمەی مرۆڤ نین فەتوایەکی لەو جۆرە بدەین و پێبەسەر هەموو پێدراوە زانستییە سەردەمییەکاندا بنێین و کرچوکاڵ بیبڕێنینەوە کە بوومەلەرزە سزایەکی ئاسمانە بۆ کۆمەڵێک ئادەمیزاد. 
 

تۆڵستۆی دەڵێت: "ئەوەی بیرۆکەیەکی هەڵەی لەبارەی ژیانەوە هەبێت، بێگومان بیرۆکەیەکی هەڵەی لەبارەی مردنەوە هەیە"، ئەگەر قەرارە ئێمە ئادەمیزاد بین و هەڵگری هەستێکی مرۆڤانە بین، دەبێت بە هەموو کارەساتێک کە منداڵ و پیر و پەککەوتە و ئادەمیزادە باشەکانی تیادا لەناودەچێت، ڕاچڵەکین و هەڵوێستێکی ئینسانییانە وەرگرین، لەبری ئەوەی تەنزیر و تەفسیری بێمانا بکەین و بڕیار لەوە بدەین ئەو قوربانییانە بۆچی دەمرن و بەشێوەیەکی ڕەها بڕیار بدەین ئەو هەزاران قوربانییەی بوومەلەرزەکە هەر هەموو خراپەکار بوون. 
 

ڕەگوریشەی ئەمجۆرە بیرکردنەوانە لە بنەما پەروەردەییەکەوە سەریهەڵداوە کە لە وتار و هەڵوێستەکاندا ڕەنگدەداتەوە و دنیابینییەکی جیاواز و ناپەسند بەرهەمدەهێنێتەوە، لەڕاستیدا بوومەلەرزەی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە لە تورکیا و سوریا روویدا، مردنی راستەقینەش ئەوە نەبوو کە بە هەزاران کەسی پێچایەوە لەژێر داروپەردووی ماڵ و ساختمانەکاندا ڕۆحی کێشان، بەڵکو بوومەلەرزەی ڕاستەقینە ئەو کاتە ڕوودەدات کە کەسێک تەفسیرێکی هێندە ناماقووڵ و بە ئازار لە ئاست مردنێکی لەوجۆرەی هەزاران کەسی بێتاوان دەردەبڕێت، ئیتر هەر ئەو تەفسیرەیە کە مردنی ڕاستەقینەی ئەوانە ڕادەگەیەنێت کە بەوجۆرە بیردەکەنەوە. 
 

خۆ ئەگەر ئایدیایەک یان هەر فەلسەفەیەک لە هەر جێگەیەک ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە بەرهەمبهێنێت کە زەڕەیەک بەزەیی شک نەبات لەبەردەم موسیبەتی ئەوانی تردا و هاندەری چەمکی ژیاندۆستی نەبێت، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک مرۆڤایەتی لەو جێگەیە لەبەر مەترسیی لەناوچوونێکی ئەخلاقی و ویژدانیدایە.