لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژن بوون هێز و ئیرادەی پێویستە

دیلمان ئازاد - پسپۆری پزیشکی دادوەری

 

زۆر بە ئازارن ئەو ڕاستیانەی لەناو کۆمەڵگە هەن دەربارەی ژن.. زۆرجار بیر دەکەمەوە بۆچی ژن بوونمان دەبیت وا قورس بێت باجەکەی؟ بۆچی ئازاین لە وەرگرتنی هەندێ هەڵسوکەوتی نەشیاوی کۆمەڵگەکان و زۆر زوو لێی پێش دەکەوین؟ دواتر هەر ژن باجی ئەو هەڵسوکەوتە دەدات، بیر دەکەمەوە ئایا ووڵاتانی پێشکەوتوو هێندە ڕێزی مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژن لەلایان بە قەدرە بۆچی ئێمە لەسەر ئەو گرنگی و پێشکەوتنەیان ڕێک دەوەستین و پێش ناکەوین.

 

خۆ ئەوە ڕەنگە هەر من نەبم لەناو ئەو هەموو بیرکردنەوەدا، بە تەنها وەکو ژنێکی کورد لە سوچێکدا خەریکی نوسینی ئازارەکانم بم.

 

خۆ دەکرێت جارێک نمونەی خۆم نیشانی خۆم و نیشانی ئێوەی مرۆڤ دۆست بدەم، کە دڵنیام زۆربەی ژنان وەک منن، منێک کە پزیشکی پسپۆرم ئەرکێکی دژوار و ئینسانیم لە کۆڵ هەڵداوە، منێک کە ڕۆژانە مامەڵەم لەگەڵ لاشەی مردوێکە و قسە لەگەڵ جەستەی مردوێک دەکەم یان مامەڵە ڵەگەڵ دەست دریژییەکی قێزەون یان منداڵێکی بێ تاوان دەکەم کە زوڵم و ستەمی لێکراوە دواتر دوایی شەن و کەوێکی زۆر بڕیارێک ڕادەگەیەنین، کە خۆی لەخۆیدا ئەو بڕیارانە قورسییەکی ئیجگار زۆری تێدایە، دەزانن کە منێک وەک ماموستای زانکۆ کچ و کوڕی ووڵاتەکەم لە باوەش دەکەم و وەک منداڵەکانی خۆم خەریکم بە پەروەردەیەکی دروست دەیاننێرمه نێو کۆمەڵگە و بە چاوێکی پڕ ئومێدەوە لە هەڵسوکەوتیان دەڕوانم.

 

من کە خەریکی کاری توێکاری و ئیشکگری دەبم لەگەڵ هاوڕێ و ئازیزەکانم، هەردەڵێم بڕوا ئەو ئیشکگریە بەبێ ئەوەی ڕۆڵەیەکی ووڵاتەکەم نەبینم بە جەستەی هەنجن هەنجن کراوی، جگە لە هەموو ئەوەش دەمەوێ دایکێکی میهرەبان بم جێگای ڕەزامەندی منداڵەکانم بم و جگە لە ئەرک و کاری ماڵەوە زۆرجار لەبیر دەکەم کە تەندروستیم ناجێگیرە یان پێویستم بە پشوویەکە بۆ خۆم، لەلایەکی ترەوە بەڕێوەبردنی جێگایەک لە ڕووی ئیدارەوە، ئینجا لەولاوە یەکێک دێت دەڵێت ژن زەعیفەیە و بەسروشت لاوازە، باشە بۆ ژن زەعیفەیە؟ لەوە زیاتر ج بکات؟.

 

ئینجا تەماشای مانشیتی هەواڵەکان دەکەین و گوێبیستی کوشتن دەبین، خۆ دیارە لە کوشتنی هەر ژنێک کۆتایی بە ژیان و دواڕۆژ و ئومێدی خانەوادەیک دەهێنرێت، ئەی باوک و برا و هاوسەری ئازیز تۆ کە هێندە میهرەبان و خاوەنی جوانترین ناونیشانی، کەی ڕەوایە بەبێ بیرکردنەوە لە ڕۆحی ژن-کچ، ژنەکەت بدەیتە بەر لولەی کلاشنکوفەکەت دواتریش هەر بە ناشیرینی بێیت و بڵێی لەسەر شەڕەف کوشتومە.

 

یان پشکنینی پەردەی کچێنی، هێنانی ئەو ژنە بە ئیهانەکردن بۆ پشکنین ئەوە بەخۆی سوکایەتییە، چونکە نابێت بپرسین ئەی پشکنینی پیاوەکە چۆن بکەین؟ ئەی قابیلە پیاوەکە فریشتە بێت؟، یان دەزانن، زۆر جاران منداڵە کچەکە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر، بەڵام پەردەی کچێنی لەدەستنەداوە و گرفتی بۆ هاوسەرگیری بۆ دروست نابێت، خانەوادەکە خۆیان بێدەنگ دەکەن و دەڵێن بەردێکی لەسەر دانێ با ئابڕوومان نەچێت، چونکە ئەگەر ئاشکرا بێت لەوانەیە ئەو کچە کە گەورە دەبێت کەس نەیخوازێت و بێبەش بێت لە پێکهێنانی خێزان بە تاوانێک کە گوناحی خۆی تێدا نەبووە.

 

ئاخر منداڵێک تاوانی بەرامبەر بکرێت تۆش غەمی ئابڕووی خۆتە و تۆمەتباری تاوانبار وەکو گورگێک بەردەدەیە لاشەی هەزاران منداڵی تر، یان چ تاوانێک هێندەی ئەو ناڕۆشنبیری و تێنەگەیشتنەی بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا قێزەونترە بڕیار لە دەستی پیاو دابێت٣ ژن لەبڕی پێکهێنانی سوڵحێک و ئاشتکردنەوەی دڵی پیاوێک بدات.

 

من دەڵێم ئەو بیرکردنەوەیەش پەروەردەی دەستی ژنێکە ناوی دایکە، ناکرێت تۆی ژن، خراب پەروەردەی خێزانێک لە ئەستۆ بگری و دواتر نەشیاوی و ناڕۆشنبیریت ببێتە هۆکاری شڵەژان و وێرانکردنی جوانیەکانی کۆمەڵگە.