ڕۆژنامەنووسەکان مایکەکانتان دابنێن

ساکار عەبدوڵا – ڕۆژنامەنووس

ساکار عەبدوڵا – ڕۆژنامەنووس

 

هەڵبەت ئەم ناونیشانەی سەرەوە، بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسەکانی ئەم هەرێمە دەگڕێتەوە، لەم کاتە بەدوا دەبێت هەڵوەستەیەک بکەن و بزانن ئەوان ئەو مایکەیان بۆچی بەدەستەوەیە؟ ئەگەر ئەوان لە غەمی گشتییدان بۆ چ هەتا دێت کێشەکان زیاد دەکەن و ئاڵۆزیی و جەنجاڵی لەم هەرێمە زیاد دەبێت. بێگومان ئێوە خەریکی کارێک بە هەڵە ئەنجام دەدەن، بۆیە وەرنەوە سەر ڕێگە دروستەکە و بەس خەریکی چەواشەکاریی و هەواڵی ناڕاست بن، هەموومان دەزانین لە دونیای سۆشیال میدیادا چی دەگوزەرێت، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕ و تەلەفیزیۆنەکان و بەشێکی تری سۆشیال میدیا پڕبوون لە هەواڵی درۆ و چەواشەکار و سپیکردنەوەی ڕووی ڕەشی بەشێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و تێکدانی شیرازەی خێزان و تێکدانی کۆمەڵگە بە هەواڵی خراپ و دوور لە پڕەنسیپەکانی ڕاگەیاندن، کاردەکەن.

 

ئەوەتا میدیاکار لەسەر کێشەکان و دۆسییەکان پێش هێزە ئەمنییەکان هەموو ڕووداوەکە باس دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕووداوەکەش بەشێکی زۆری هەڵبەستراوە و چەواشەکارییە، خۆی لە خۆیدا ڕۆژنامەوان سەربازێکە و ئەرکێکی پیرۆزی گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەم ڕۆژنامەنووسە هیچ لە یاسا و ئیتیک و ئەخلاقی ڕۆژنامەنووسیی نازانێت و بگرە تەنها بۆ خۆدەرخستن و ناوبانگ ئەو کارەدەکات و یاخود خزمی بەرپرسێکە یاخود کچە مۆدێلێک و یان ڕوخسارێكی پلاستیکی هەیە و بۆ ڕاکێشانی بینەر هێناویانەتە پێشەوە، چونکە لە داهاتوودا بۆ ڕاکێشانی هەست و نەستی خەڵک دەشتوانن بیکەن بە ئەندام پەڕلەمان.

 

هەربۆیە پێویستە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران، خۆیان بەدووربگرن لە بەشێکی زۆری ئەو هەواڵانەی کە ڕۆژانە بڵاودەکرێنەوە، چونکە زیاتر بە هەڵەدا دەچن. ئەوەتا ڕۆژنامەنووسمان هەیە تەنها خەریکی خۆدەرخستنە، لە ژیانیدا پەرتوکێکی نەخوێندوەتەوە و دوو ڕستە نازانێت بڵێت، لە دەزگاکەی وەک کۆیلە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و ناوێرێت داوای هەقی خۆیشی بکات.

 

لە بەتاڵیی خۆیاندا دەیان هەواڵی ناڕاست بڵاودەکاتەوە، هەروەها بەشێکی تر لە مایک بەدەستەکان وەک (داڵە کەرخۆر)ه وان خواخوایانە کەسێک بکەوێت و ئەوان بچنە سەری و خێرا هەواڵێکی ناپوختی لێ دروستبکەن و دوو سێ قسە هەڵبزوورکێنن و دوو دیمەنی ناخهەژێن بڵاوبکەنەوە.

 

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویستە ڕۆژنامەنووس هەر یەکێکی لەم خاڵانەی خوارەوە تیادابێت کە ئاماژەم پێکردووە، ئەگەر هاتوو تێیدا نەبوو ئەوە بزانە ڕۆژنامەنووسێکی بەتاڵە! هەر وەک زرگەتاڵ و دارێکی کلۆرە. پێویستە خەڵکیش ئەو ڕاستییانە بزانێت و ئەو جۆرە دەسگا و ڕۆژنامەنووسانە بناسێتەوە.

 

١/رۆژنامەنوس دەبێت بە ئاگابیت و هۆشیاریی تەوای هەبێت.

٢/ ورد و بە سەرنج بێت لە کاتی ئامادەکردنی چاوپێکەوتن و لێدوان و کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی...هتد

٣/ لە کارە رۆژنامەنووسییەکەیدا کە بابەتێک ئامادە دەکات بێلایەن بێت و خۆی بە دوور بگرێت لە حیزب لە کاتی کاردا.

٤/ کاتی ڕوودانی کێشەکان بە تایبەت کۆمەڵایەتیی و سیاسیی گەرماوگەرم، هەواڵ نەگوازێتەوە، هەتا نیوسەعات زیاتر چاوەڕێ بکات، هەتا هەموو زانیارییەکی بەدروستیی وەردەگرێت.

٥/ نابێت بە ئەقلیەتی خاوەن دەسگا هەواڵ بڵابکاتەوە، بەڵکو دەبێت گرینگیی بدات بەڕاست و دروستی هەواڵە ڕاستەکە.

٦/ ڕۆژنامەنووس دەبێت لە هەموو بابەتەکان دا نێوەند گیربێت.

٧/ پێویستە لە دەیان پەرەوەدەی و خولی تایبەتیی دا بەشداریی کردبێت و لە چەند بواردا شارەزایی هەبێت.

٨/ نێوانی لەگەڵ خوێندنەوەی پەرتوکدا هەبێت و بەشێکی کاتەکانی بۆ خوێندنەوە دابنێت.