"پێویستە پلانێکی تۆکمە بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ دابنرێت"

ژنانی هەرێمی ڕاپەڕین لە گرانی نرخی پێداویستی و کاڵاکانی ڕۆژانە نیگەرانن و دەڵێن بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژن فرۆشیارەکان بە دڵی خۆیان نرخی کاڵاکان بەرز دەکەنەوە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- نزیکبوونەوەی جەژن و گرانی نرخی شتومەک نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروستکردووە، بۆ ئەو مەبەستە ئاژانسی نوژنها دەچێتە لای ژنانی شارۆچکەی ڕانییە و لەسەر نرخی شتومەک و گرانی پرسیاریان لێ دەکات.

 

مریەم ئەحمەد، هاوڵاتییەکە و لەبارەی جەژنەوە وتی: جەژن واتا تەبایی و پێکەوەژیان و بەڕێکردنی چەند ساتێکی خۆش، بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوە لە جەژن نرخی شتومەک و کاڵاکان زۆر بەرز دەبێتەوە و نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروستدەکات، لەکاتێکدا جەژن ئامانجی پێکەوەژیان و ساتێکی خۆشە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان جەژن بەکاردەهێنرێت بۆ گرانکردنی پێداویستی و کاڵاکان لە بازاڕدا و نەبوونی موچە و قەیرانی دارایش وایکردووە خەڵک نەتوانێت پێداویستی خێزانەکە دابین بکات و لەجیاتی بەڕێکردنی جەژنێکی خۆش، دەبێتە مایەی نیگەرانی و تادێت گرانی و قەیرانەکانیش ڕوو لە زیادبوونە.

 

لاڤە ئەحمەد، ژنێکی گەنجی دانیشتووی ڕانیەیە، سەبارەت بە نرخی کەلوپەل و پێداویستیەکانی ڕۆژانە ئاماژەی بەوەدا کە بە گشتی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، "کۆمەڵێک هۆکار هەیە کەوای کردووە ئەم دۆخە دروستببێت وەک بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و گرانبوونی بەنزین و غاز و نەوت، هەروەها نەبوونی موچە لە کاتی خۆیدا و هەموو ئەمانە هۆکارن، پێویستە پلانێکی تۆکمە دابنرێت و حکومەت و هاوڵاتی هاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، لە ئێستادا چەند لیژنەیەک هەیە چاودێری بازاڕ و شتومەک دەکەن، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستی ئێمەدا نییە و چونکە کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە پلانێکی ڕیشەیی هەیە.

 

لەکاتی بوونی گرانفرۆشیدا پێویستە سزای دوکاندار بدرێت و دوکانەکە دابخرێت

جوانە خورشید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت بۆ چاودێری نرخی بازاڕ و گرانی کاڵا و پێداویستییەکان لێدوانی بۆ ئاژانسی نوژنها دا و خستیەڕوو بەهۆی نزیکبوونەوە لە جەژن نرخی شتەکان بەرز دەبێتەوە و لیژنەکانی قائیمقامییەت کۆنترۆڵی دەکەن، بەڵام بەهۆی زۆری خواستی هاوڵاتیان لەسەر پێداویستییەکانی ڕۆژانە گرانبوون هەر هەیە، "لە بۆنەکاندا لیژنەکان زیاتر چاودێری ئەو پێداویستی و شتومەکانە دەکەن کە خواستی زۆرتر لەسەرە، بۆئەوەی کۆنتڕۆڵی نرخەکەی بکرێت نەک هەر کەسێک لە بازاڕدا بە دڵی خۆی نرخ بخاتەسەر کاڵاکان، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی گۆڕانکاری لە نرخدا دروستکردووە، ئێمە وەک لیژنە بینیومانە گرانی و گرانفرۆشی هەیە، زیاتر خستنەسەری دوکانداران کۆنترۆڵ دەکەین و ناهێڵین ئەو هەلە بقۆزنەوە، ئەگەریش سەرپێچی بگرین ئەوا سزا یان غەرامەی دوکاندار دەکرێت تا دەگاتە داخستنی شوێنەکەش".