بۆ ئەوەی بگەیتە ئامانج پێویستە دەستپێبکەین

ژنان لە هەوڵدان بۆ سەلماندنی توانا و وزەی خۆیان، ژنانی گەنج بە بەهرە و تواناکانیان هەوڵی دامەزراندنی کاری سەربەخۆی خۆیان دەدەن، هێڤی عەفان یەکێکە لەو ژنانە کە براندێکی تایبەت بە جوانکاری سروشتی بۆ ژنان دامەزراندووە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ژنان بەردەوامن لە سەلماندنی توانا و وزەی خۆیان، لە هەر کۆڵانێکی هەڵەبجەدا سەیر بکەیت، ژنانێک دەبینین کە لەسەر پێیەکانی خۆیان وەستاون و بوونەتە خاوەن کار و سەربەخۆیی ئابوری خۆیان.

 

هێڤی عەفان، خاوەنی براندی لادێ بۆ جوانکاری ژنان، بە بابەتی سروشتی لە هەڵەبجە پاش دەرچوونی لە زانکۆ لە بڕوانامەکەی ئەزموونی وەرگرتووە و داهێنانی کردووە، ئێستا بووەتە خاوەن براندی تایبەت بە خۆی، بەناوی "سابوونی سروشتی لادێ".

 

لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ نوژنها، هێڤی عەفان وتی:  دەرچووی بەشی کیمیام لە زانکۆی کۆیە، بیرۆکەی ئیشەکەم لە قۆناغی دووی زانکۆوە بۆ دروستبوو، بڕیارمدا برەوی پێبدەم تا بگەمە ئەو ئامانجەی کە دەمەوێت.

 

" سەرەتا لە ماڵەوە بەرهەمەکانم تاقی ئەکردەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالیتییەکەی"

لە سەرەتای کارکردنی هێڤیدا وەک خۆی باسی لێوە دەکات، لە تاقیگەی زانکۆ سابوونی سروشتی دروستکردووە و لە ماڵەوە تاقی کردووەتەوە، پاش دڵنیابوونەوە لە کوالیتی باشی بە خزم و کەسەکانی ناساندووە و بیری لەوە کردووەتەوە بیکات بە بازرگانییەک بۆ خۆی و ببێتە خاوەن دارایی و بژێوی ژیانی دابینبکات.

 

٢٦ جۆر سابوون لە کارگەی لادێدا بەرهەم دێت

سەبارەت بەوەی کە لە کارگەی لادی بۆ بەرهەم هێنانی سابوون چ بەرهەمێک گرنگی پێ دەدرێت، باسی لەوە کرد، "٢٦ جۆر سابون و سیرەمی ڤیتامین سی و کریم و جیلی قژ و سمێلی پیاوان و زەیت و سکرەبی پێست و لۆشنی دەست بەردەستە و وا بڕیارە لە داهاتووشدا شامپۆ و کرێمی جۆربەرجۆر بەرهەم بهێنن."

 

سەبارەت بەوەی کە سودی تەنها لە زانکۆ بینیووە بۆ فێربوون، هیڤی عەفان ئاماژە بەوە دەدات، سودی لە سۆشیال میدیا و یوتیوب بینیوە بۆ فێربوونی زیاتر و داهێنان کردن و هاوکار بوون بۆ ئەوەی سەربکەوێت و بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا کە تیایەتی.

 

داواکارم  ژنان چی دیکە چاوەڕی نەکەن و خۆیان کار بکەن

هیڤی، وەک ژنێکی گەنج کە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیەتی ئامۆژگاری ژنان دەکات، بە تایبەت ئەوانەی خاوەن بروانامەن، کە چاوەڕێی دەستی حکومەت و کۆمپانیاکان نەکەن و خۆیان  دەست بە کاری خۆیان بکەن، وتیشی: لە قۆناغی دووەمی زانکۆوە کارم بۆ کردووە تا بگەم بە خولیاکەم، ئێستاش ژنان دەتوانن دەستپێبکەن و کۆڵنەدەن تا سەرکەوتن.