ژنانی ئاوارە ناچارن بە پارەیەکی کەم کاتێکی زۆر کار بکەن

ژنانی ئاوارەی سوریا لە پێدەشتەکانی شارەزووردا ناچارن بە پارەیەکی کەم کاتێکی زۆر کار بکەن، تا بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- کێڵگەیەکی پەتاتە لە سنوری شارۆچکەی سەیدسادق سەدان کرێکاری ژن کە ئاوارەی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانن، سەرقاڵی کۆکردنەوەی پەتاتەن بۆ خاوەن کێڵگە کوردەکان، سەختی ژیانیان و ئاوارەیی و شەڕ و بەڕێوەبردنی خێزان و نەبوونی داهات، ناچاری کردوون بە کاتێکی زۆر و پارەیەکی کەم لەبەر تیشکی گەرمی خۆر و ماندوویەتییەوە کار بکەن.

 

وەردە عەبدوڵا، نمونەی یەکێک لەو ژنانەیە لە کێڵگەکاندا پەتاتە کۆدەکاتەوە، دانیشتووی کامپی باریکەیە لە عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی، خاوەنی هەشت منداڵە، خۆی و چوار لە کچەکانی بە ڕۆژانەی پازدە هەزار لە کاتژمێر چواری بەیانی بۆ ١١ی نیوەڕۆ کار دەکات.

 

وەردە عەبدوڵا دەڵێت: ئێمە کۆمەڵێک ژنین پێکەوە کاردەکەین، هەموو خزم و دۆست و دراوسێین، بە ئۆتۆمبێل دێین و دەست بەکارکردن دەکەین و ناچارین بژێوی ژیانمان دابین بکەین، هەر چەند پارەکەمان کەمە، ساڵانی ڕابردوو خواردن و ئاو لەسەر خاوەنکار بوو بە ٢٥ هەزار، بەڵام ئەمساڵ دەڵێن دەبێت خۆتان خواردن بێنن و بە ١٥ هەزار دینار کاردەکەین.

 

سەبارەت بەوەی بۆ ناچارن بەو شێوەیە کار بکەن، وتی: "هەشت منداڵم هەیە و دەبێت دایکیشم بەخێوبکەم، بە خۆشی خۆمان نییە ناچارین کار بکەین و بژێوی ژیان دابین بکەین، لە هەژاریماندایە"، ئەو بژیوییەی بەو ڕەنج و سەختییەی ژنان کۆیدەکەنەوە بە هۆی گرانی بازاڕەوە ناتوانن هەموو پێداویستییەکانی ژیان دابین بکەن.

 

چیرۆکی وەردە نمونەیەک بوو لەو هەزاران ئاوارە و سەدان کرێکارەی ڕۆژانە لەپێناو بەدەستهێنانی بژێوی بۆ خێزانەکانیان، بەبێ گوێدانە پلەی گەرمای هاوین و سەرمای زستان بێ ماندووبوون کاردەکەن.