دەستپێکی وەرزی پایز کۆتایی تەمەنی گوێزە

سەرەتای وەرزی پایز باخەوانەکان و خاوەن گوێزەکان دەچنە سەر زەوییەکانیان و بەرهەمی ماندووبوونیان دەچننەوە، ژنانیش باس لە کۆکردنەوەی گوێز بە هەرەوەزی دەکەن.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- وەرزی پایز، وەرزی کۆکردنەوەی هەندێک بەرهەمی خۆراکییە، یەکێک لەوانە گوێزە، کە لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز، کۆتایی بە تەمەنی دێت و دەبێت لە دارەکان بتەکێنرێت و کۆبکرێتەوە.

 

پیاوان لە بەرزایی دار گوێزەکانەوە، گوێز دەتەکێنن و ژنان ورد ورد و بە سەرنجەوە لەسەر زەوییەکان کۆیان دەکەنەوە و باش و خراپیان جیادەکەنەوە، گوندی جۆمەرەسی لە بناری سورێن سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی کەشوهەوا و ئاوی سازگارەوە خاوەن بەرهەمێکی زۆری گوێزە، خێزانێک کە خۆیان خاوەن باخی گوێزن، بە هەرەوەزی هاتوونەتە زەوییەکەیان و گوێزەکانیان کۆدەنەوە.

 

بەهار ساڵح، لەگەڵ خێزانەکەی هاتوون بۆ گوێز کۆکردنەوە، بۆ ژەمی بەیانی کولێرەی بە تەنوری ئامادە کردووە تا دەست بە کارەکانیان بکەن، باسی لەوەکرد لە دوای ئەوەی ژەمی بەیانییان خوارد دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی گوێز و لە پاشان بۆ نانی نیوەڕۆ خواردن ئامادە دەکەن تا ماندوویەتی کاریان لەبیر بچێتەوە.

 

قەدری فەتاح، کاری کۆکردنەوەی گوێزەکان دەکات، باس لە سەختی درەختەکان دەکات و دەڵێت: "لە کاتی کۆکردنەوەی گوێز گیانیان لە مەترسیدایە کاتێک دەچنە بەرزایی دار گوێزەکان چونکە ناوچەکە دۆڵ و چەمە"، باسی لە بەرهەمەکانی گوندەکە کرد و وتی: زیاتر بەرهەمی ئەم گوندە گوێز و هەنارە و ساڵی یەکجارە کۆکردنەوەیان، گەرچی قورسە و ئەرکی زۆرە بەڵام ئێمە چێژی لێوەردەگرین وەک سەیرانێک دەیبینین.

 

میهرەبان محەمەد، دایکی منداڵێکی بچوکە، بەڵام ئارەزووی لەم کارە هەرەوەزییە هەیە و دەڵێت: ڕاستە ئەم کارە زیاتر بە پیاوان دەکرێت بەڵام ژنانیش ڕۆڵی سەرەکیان هەیە و بێ ژنان ناکرێت، ژنان هاوکاریان دەکەن لە کۆکردنەوەی گوێزەکان و پاکردنی،  هەروەها خواردنیش ئامادە دەکەن.

 

میهرەبان باسی لەوەکرد کۆکردنەوەی گوێزەکان ئەرکی زۆرە و هیلاک دەبن، بەڵام ساڵی یەکجارە و وەک کۆبوونەوەی خێزانی و بنەماڵەییە بۆیان.

 

گوێز یەکێکە لە بەرهەمە پایزییەکان و سودێکی زۆری هەیە بۆ بەرگری لەش و بەهێزکردنی یادەوەری و نەخۆشی شەکرە، باخەوانەکانیش بەشێکی گوێزەکە دەفرۆشن و بەشێکی دەبەخشن، بەشێکیشی هەڵدەگرن بۆ زستان بۆ ژەمی بەیانیان.